تەندروستیی سلێمانی لێدوانی بەڕێوەبەرێكی رەتدەكاتەوە

02/06/2020

نەوا
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی رونكردنەوەیەك لەسەر چەند وتەیەكی بەڕێوەبەری بەشی پلاندانانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بڵاودەكاتەوە، كە وتبوی، دەبێت لێپرسینەوە لە وەزیرانی تەندروستی و ناوخۆی هەرێم بكرێت، تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، قسەكانی گوزارشت بوون لە را و بۆچوونی خۆی.
لە رونكردنەوەكەی تەندروستیی سلێمانیدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئەو لێدوانەی دكتۆر سەفین رەسول بەڕێوەبەری بەشی پلاندانانی بەڕێوەبەرایەتییەكە رەتدەكاتەوە، دوپاتیدەكاتەوە "بەردەوام ئەندام بوین و بەشدار بوین لە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لەسەر ئاستی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و پارێزگاكان، بەشداری بڕیارەكان و رێكارەكانی رێگریكردن و خۆپارێزی لە نەخۆشی كۆرۆنا بووین". 
ئەو بەڕێوەبەرەی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاندبوو، "وەزارەتی ناوخۆ كەمترین راوێژی بە پارێزگار و تەندروستیی سلێمانی كردووە"، بەڵام تەندروستیی سلێمانی لە وەڵامەكەیدا دەڵێت، را و سەرنجیان بەهەند وەرگیراوە و جێبەجێكار بوون، هەمامەنگی و راوێژی تەواو هەبووە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و پارێزگا و دامودەزگا پەیوەندارەكانی دیكە.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژە بەوەشدەكات "هەموو رێكارەكان، بەتایبەتی قەدەغەی هاتووچۆ بەشێكی گەورە و گرنگی رێكارەكان بووە و ستایشی هەموو رێكارەكانی بەڕێزان لە وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی دەكەین".

دەقی روونكردنەوەكەی تەندروستیی سلێمانی: 
 
ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی ...
 
دوای بڵاوبوونەوەی چاوپێكەوتنێكی ڤیدیۆیی بەڕێز (د. سفین) بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، بە پێویستمان زانی ڕای گشتی لێ ئاگادار بكەینەوە كە ئەو قسانەی ناوبراو گوازرشت لە ڕا و بۆچوونی خۆی دەكات نەوەك بەڕێوەبەرایەتیەكەمان.
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئەم لێدووانانە ڕەتدەكەینەوە و ڕایدەگەیەنین كە بەردەوام ئەندام بووینە و بەشداربووینە لە لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆڕۆنا لەسەر ئاستی وەزارەتی تەندروستی و ناوەخۆ و پاریزگاكان وە بەشداری بڕیارەكان و ڕێكارەكانی ڕێگریكردن و خۆپارێزی لە نەخۆشی كۆڕۆنا بووینە و ڕاوسەرنجمان بەهەند وەرگیراوە و جێبەجێكار بووینە وە هەمامەنگی و ڕاوێژی تەواو هەبووە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و ناوەخۆ و پارێزگا و دامودەزگاكانی تری پەیوەندار.
 
لێرەوە دەمانەوێت ڕای گشتی دڵنیا بكەینەوە كە هەموو ڕێكارەكان بەتایبەتی قەدەغەی هاتوچۆ بەشێكی گەورە و گرنگی ڕێكارەكان بووە و ستایشی هەموو ڕێكارەكانی بەڕێزان لە وەزارەتی ناوەخۆ و تەندروستی دەكەین كە ئامانج و كاری پێشینە تەنها بۆ بەرژەوەندی و سەلامەتی هاوڵاتیان بووە.
 
لەكۆتاییدا جارێكی تر هەر ڕاوبۆچوونێك و لێدوانێكی كەسی ڕەتدەكەینەوە كە ببێتە مایەی لاواز بوونی متمانە و هەماهەنگی كاركردن، دووپاتیشی دەكەینەوە كە هەمووان دەبێت پاڵپشتی بڕیارەكان و ڕاسپاردەكان بین و جەختیش لە پابەندبوونی هاوڵاتیان دەكەینەوە بۆ ڕێنماییەكان و ئامۆژگاریەكانی تەندروستی.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group