هەڤاڵ ئەبوبەكر: داوای درێژكردنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ ناكەین

02/06/2020

نەوا
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی دوپاتیدەكاتەوە، داوای درێژكردنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ ناكەن، چونكە پێی وایە دۆخەكە بە قەدەغەی هاتوچۆ كۆنترۆڵ ناكرێت، دوپاتیشیدەكاتەوە، لە ئێستادا دەبێت لەهەوڵی پاراستنی تەندروستیی گشتی و هەروەها باشكردنی بژێوی خەڵكدا بن.
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێكیدا بۆ بەشی كوردیی دەنگی ئەمریكا، رایگەیاندوە "نە لە ئێستا و نە لە ئایندە داوای درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە دوای رۆژی 6-6 ناكەین، چونكە ئەم دۆخە بە قەدەغەی هاتوچۆ كۆنتڕۆڵ ناكرێت، بەڵكو بە گرتنەبەری ڕێوشوێن لەلایەن دامودەزگاكانی حكومەت و هاوكاریی هەموو لایەك دەبێت بۆ هۆشیاریی تەندروستی، دۆخەكەش بەوجۆرە تێدەپەڕێندرێت، كە ئاستی خۆپارێزیی خەڵك بەهێزبێت، نەك بە قەدەغەی هاتوچۆ".
لەبارەی خۆپیشاندانی كاسبكاران و هەڕەشەی پابەندنەبوونیان بە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆوە پارێزگاری سلێمانی  دەڵێت "ئێمە بەرنامەی خۆمانمان داوەتە حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی بڕیاری پێویستین لەو بارەیەوە، لە ئێستادا دەبێت لەهەوڵی پاراستنی هاونیشتمانیان و پاراستنی تەندروستیی گشتیدا بین و لەهەمان كاتیشدا لە هەوڵی باشكردنی بژێوی خەڵك و ئابوریی دەوڵەتیشدا بین".
هەڤاڵ ئەبوبەكر راشیگەیاندووە، ئەوەی حاڵەتێكی گەشە و گرەنتی تێپەڕاندنی ئەم دۆخەیە، جدیەتی هاوڵاتیانە لە دۆخەكە و تێگەیشتنی تەواویانە لە راستەقینەیی ئەم پەتایە و پابەندبونی پێویستیانە بەڕێنماییە تەندروستیەكانەوە.
پارێزگاری سلێمانی دوپاتیشیكردوەتەوە "بەهیچ جۆرێك ڕەوایەتی نادەین بەوەی ململانێ و هیچ ئەجێندایەكی سیاسی تێكەڵ بەم بارودۆخە تەندروستییە ‌بكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group