پسپۆڕێكی ئەمنی: كازمی دەیەوێت بەشداری بە پێشمەرگە بكات لە ئۆپەراسیۆنەكانی ناوچە جێناكۆكەكان

02/06/2020

نەوا
پسپۆڕێكی بواری ئەمنی، كە راوێژ پێشكەش بە حكومەتی عیراق دەكات، ئاشكرایكرد، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەیەوێت لە ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بە داعش لە ناوچە جێناكۆكەكان بەشداری بە هێزی پێشمەرگە بكات.
هیشام هاشمی، كە پسپۆڕێكی بواری ئەمنییە و بەردەوام راوێژ و پێشنیار پێشكەش بە حكومەتی فیدراڵ دەكات لەبارەی پرسە ئەمنییەكانەوە، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك قسەی لەبارەی سەردانەكەی مستەفا كازمی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق بۆ كەركوك كردووە، نوسیویەتی، كازمی لە سەردانەكەیدا بۆ كەركوك دوو ئامانجی هەیە، یەكەم، چاودێریكردنی رەوتی ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە باشوری رۆژئاوای كەركوك دەستیانپێكردووە بە بەشداریی حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایری، هەروەها ئامانجی دووەمیش بڕیاردانە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هێزەكانی حكومەتی فیدراڵ و هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی داعش قۆستویەتیەوە.
لای خۆیەوە جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە شەفەق نیوز-ی راگەیاندووە، پێشمەرگە ئامادەیە بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لەو شێوەیە.
قسەكانی ئەو پسپۆڕە ئەمنییەی عیراق لەكاتێكدایە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێك گەیشتە پارێزگای كەركوك، هاوكات هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بۆ پشكنینی باشوری رۆژئاوای كەركوك تاوەكو سنوری پارێزگای سەڵاحەدین دەست پێكرد.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group