وەزارەتی كشتوكاڵ: هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی هاتوچۆی جوتیاران دەدەین

02/06/2020

نەوا
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكردوە، كە سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەی رێگریكردنە لە هاتوچۆی جوتیاران و خاوەنكارانی كەرتی كشتوكاڵ.
لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەكراوە، كە دوای راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ وەك رێكارێكی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، كێشەی چونی جوتیارو خاوەنكارانی كەرتی كشتوكاڵ بۆسەر كێڵگە و پڕۆژەكانیان دروستبوە، بەهۆی ئەوەی لەئێستادا وەرزی دروێنە و پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆییە، ئەو قەدەغەیە كاریگەری راستەوخۆی كردۆتە سەر بەرهەمهێنان.
هەروەها وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جەختدەكاتەوە، راپۆرتێكیان پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كردوە بۆئەوەی ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی جوتیار و خاوەنكارانی كەرتی كشتوكاڵ بكرێت تا زیان بەر بەرهەمەكانیان نەكەوێت و دواتر لە دەرئەنجامی چارەسەركردنی كێشەكە هەمولایەك ئاگاداردەكرێتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group