قەدەغەی هاتوچۆ لە كەركوك راگەیەندرا

02/06/2020

نەوا
شانەی قەیرانەكان لە پارێزگای كەركوك قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەریی لە پارێزگاكە راگەیاند و تاوەكو رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، تەواوی دەروازەكانی لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەدا داخست.
ئەمڕۆ سێشەممە شانەی قەیرانەكانی كەركوك راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بڕیاری سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لەسەرتاسەری پارێزگاكە دەركراوە و هەر كەسێك پابەندنەبێت سزادەدرێت.
بەپێی راگەیەندراوەكەی شانەی قەیرانەكانی كەركوك، قەدەغەی هاتووچۆ تاوەكو كاتژمێر 06:00ی بەیانیی رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، دەشڵێت "لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە حكومییەكان دەوام راگیراوە، جگە لەو دامەزراوانەی بەگوێرەی بڕیاری لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی جیاكراونەتەوە".
هەر بەپێی بڕیارەكانی شانەی قەیرانەكانی كەركوك، لە كاتژمێر 06:00ی بەیانی تاوەكو كاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ نانەواخانەكان كراوەدەبن، هەروەها لە كاتژمێر 07:00ی بەیانی تاوەكو كاتژمێر 01:00ی دوای نیوەڕۆ شوێنەكانی فرۆشتنی كەلوپەلی خۆراك و سەوزە و میوە كراوە دەبن، بەڵام دەروازەكانی پارێزگای كەركوك لەگەڵ پارێزگاكانی دیكە بە تەواوی دادەخرێن.
شانەی قەیرانەكانی كەركوك ئاماژەی بەوەشكردوە، هەر كەسێك سەرپێچی بڕیارەكان بكات و پابەندنەبێت بە رێنماییەكان رێكاری یاسایی توندی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر و سزادەدرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group