ئەو تۆمەتبارەی موچەی فەرمانبەرانی ئاوی پیرمامی دزی دەستگیركرا

02/06/2020

نەوا
ئەو تۆمەتبارەی زیاتر لە 48 ملیۆن دیناری فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئاوی پیرمامی دزیبوو، دەستگیركرا.
پۆلیسی هەولێر رایگەیاندووە، دوای ئەوەی لە رێكەوتی 21-5-2020 پۆلیس ئاگاداركرایەوە، كە كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بە ناوی (م.ع.ن) هەستاوە بە دزینی كۆی موچەی مانگی (كانوونی دووەمی 2020)ی فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئاوی پیرمام، كە بڕەكەی (48 ملیۆن و 708 هەزار و 400 دینار)ـە، لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە كرایەوە، پاش بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیەكی ورد و چڕ، توانرا شوێنی تۆمەتباری ناوبراو بدۆزرێتەوە، كە دەیویست لە ناحیەی (شرگات) خۆی حەشاربدات، بەڵام لە نزیك ناحیەی دیبەگەی سەر بە قەزای مەخمور، بەپێی ماددە (453) لە یاسای سزادان، دەستگیركرا.
پۆلیسی هەولێر ئاشكراشیكردووە، پێش دەستگیركردنی، تۆمەتبارەكە ئۆتۆمبێلەكەی خۆی سوتاندبوو، تا تاوانەكە بشارێتەوە و بڵێت گوایە پارەكە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا سوتاوە، بەڵام دوای دەستگیركردنی، دەست بەسەر سەرجەم بڕە پارەكەدا گیرا و بۆ فەرمانگەی ئاوی پیرمام دەگەڕێندرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group