سەرۆكایەتیی یەكێتی: حكومەت چاودێریی تەندروستی بكات باشترە لە بژاردەی قەدەغەی هاتوچۆ

02/06/2020

نەوا 
سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆوە داوایەك لە هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی دەكات و دەشڵێت: "هەقە حكومەت و دەزگا تەندروستییەكان رێنمایی توند بڵاوبكەنەوە و چاودێریی تەندروستی بكەن باشترە لە بژاردەی قەدەغەی هاتووچۆ".
میدیای فەرمیی یەكێتی بڵاویكردەوە، بەگوێرەی زانیارییەكان سەرۆكایەتی یەكێتی پەیوەندی بە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانییەوە كردوە، كە پێویستە هاوسەنگی بكرێت لە نێوان رێكارە تەندروستییەكانی پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان و گوزەرانیان، چونكە بەكردەوە دەركەوتوە شێوازی توندی قەدەغەكردنی هاتوچۆ و پەكخستنی بازاڕ و كەسابەت چارەسەرێكی گونجاو نییە، لەجیاتی ئەوە هەقە حكومەت و دەزگا تەندروستییەكان رێنمایی توند بڵاوبكەنەوە و چاودێریی تەندروستی بكەن باشترە لە بژاردەی قەدەغەی هاتووچۆ.
هەر بەپێی زانیارییەكانی میدیای فەرمیی یەكێتی، سەرۆكایەتیی یەكێتی دەزگا ئەمنییەكانی راسپاردوە، كە هەڵسوكەوتیان بەرامبەر ناڕەزایی هاووڵاتیان، كە بەدوای كاسبی و گوزەرانی خۆیانەوەن، نەرم بێت و رەچاوی باری دەرونی خەڵك بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group