وەزیری ناوخۆ: هەندێك ئاسانكاری لە قەدەغەی هاتوچۆ دەكرێت

02/06/2020

نەوا
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم هۆشداری دەداتە ئەو كەسانەی هانی خەڵك دەدەن پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی نەبن و راشیگەیاند، بڕیاریان داوە ئاسانكاری بۆ قەدەغەی هاتوچۆ بكەن.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای كۆبوونەوەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، پسپۆڕان دووپاتییان كردەوە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە. راشیگەیاند، لەبەر گوزەرانی خەڵك زۆربەی شوێنەكان كرانەوە، بەڵام نایشارینەوە كە خەڵك پابەند نەبووە.
وەزیری ناوخۆی هەرێم وتیشی: "لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو ئەوە سەلمێنرا كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان هەمان ڤایرۆسی دەرەوەی هەرێمە و زۆربەی حاڵەتە نوێیەكان نیشانەیان هەیە".
جەختیشی كردەوە: هەركەسێك هانی خەڵك بدات پابەند نەبێت و بڵێت، حكومەت بۆشاردنەوەی هەندێك شت رێكارەكانی راگەیاندووە، ئەوا دووچاری رێكاری یاسایی دەبێتەوە.
لەگەڵ ئەوەش، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، "بڕیارماندا دەسەڵات بدەینە پارێزگاكان ئاسانكاریی بكەن و هەندێك سێكتەر بكەنەوە و لە سبەینێوە هەندێك ئاسانكاری دەكرێت".
رێبەر ئەحمەد دووپاتیشكردەوە، ئەگەر پابەندیی نەبێت هاوشێوەی عیراقمان لێدێت و دۆخەكە زۆر مەترسیدار دەبێت.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group