پارێزگاری هەولێر وادەی كردنەوەی شوێنە گشتییەكانی راگەیاند

02/06/2020

نەوا ـ سەعید عەبدوڵڵا - هەولێر
پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، كە بەپێی ئەو ڕێنماییانەی دەرمانكردوون بۆ خۆپارێزی سبەی لە كاتژمێر شەشی ئێوارەوە شوێنە گشتییەكان دەكرێنەوە و ئەمڕۆش دوو هاوڵاتی پارێزگای هەولێر بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لەدەستداوە.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر گوتی: كۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بەڕێوە چووە دوای ئەوەی كۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوە چوو. گەیشتنە ئەوەی لە پێناوی ژیانی هاوڵاتیان سبەی 3-6-2020 سەرجەم ئەو شوێنانەی كە پەیوەستن بە ژیان و كاسبی هاولاتیان لە كاتژمێر شەشی ئێوارەوە دەكرێنەوە بەمەرج و ڕێنماییە تەندروستییە توندوتۆڵەكانیشەوە. 
باسی لەوەشكرد كە لەهەر شارو قەزایەك كۆمیتەیەكمان دروست كردووە بۆ ئەوەی ڕێنماییە تەندروستییەكان بەتەواوی جێبەجێ بكرێن و ڕێنماییەكانیش دەبێ هەمووان لەبەرچاوی بگرن. هەروەها بۆ شوێنە پزیشكییەكانیش بەڕیوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕێنماییەكان دەداتە ناوەندەكان و هەروەها بۆ شوێنە گەشتیارییەكانیش بەڕێوەبەرایەتی گەشت و گوزاری هەولێر چاودێری جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان دەكات.
فرسەت سۆفی گوتیشی: ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لێبوردن لە خەڵكی خۆمان دەكەین بەهۆی بڕیارەكانی ئێمەوە كە بۆ خۆپارێزی بووە ئەوان زیانیان بەركەوتووە وە ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنی خەڵكی خۆمان و هەرچیەكی لەدەستمان بێ درێغی ناكەین.
هەروەها روونی كردەوە كە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ بەتەواوی جێبەجێ دەكرێت بە قەدەغەی هاتووچۆ و هەروەها هاتووچۆی نێوان شارەكانیش بەتەواوی دادەخرێت و دەوامیش تا 6-6 نابێت.
لەلایەن خۆشیەوە د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر گوتی: لەسەرەتای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا ماوەی 13 ڕۆژ هیچ نەخۆشێك تۆمارنەكرا تا 19-5-2020 بەڵام دوای ئەو ماوەیە ژمارەیەكی زۆری هەڵگری ڤایرۆسەكە تۆماركران لەو ماوەیە زۆرینەیان نیشانەیان هەبووە، و گواستراونەتەوە بۆ سەنتەری كۆرۆنا. 
گوتیشی: 6 نەخۆش لە هەڵگرانی ڤایرۆسەكە بە قورسی تووشی ببوون سێیان باری تەندروستیان ناجێگربوو ئەمڕۆ بەیانی یەكیان گیانی لەدەستدا و دوای كاتژمێر شەشی ئەمڕۆش یەكێكی دیكەمان لەدەستدا.
د. دلۆڤان ڕوونی كردەوە كە ڤایرۆسەكە زۆر مەترسیدارە و پێویستە ئەگەر ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیان دەكرێت بەپێی ڕێنماییەكان هاوڵاتیان هەڵسوكەوت بكەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group