نەوا
ھەزاران ھاووڵاتی لە شاری دھۆك ساڵانی رابردوو یەكەی نیشتەجێبوونیان كڕیوە و بەشێك لەو پڕۆژانە دوا كەوتوونە و لە كاتی یاسایی خۆیاندا جێبەجێ نەكراون، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆكیش دەڵێ، وەبەرھێنەرە كەمتەرخەمەكان دەستگیر كراون و قەرەبووی ھاووڵاتیانیش دەكرێتەوە.
كوردۆ ئیحسان بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە، "سێ پڕۆژە لە دھۆك كێشەیان تێدایە و لەسەر پابەندنەبوونیان ژمارەیەك وەبەرھێنەر دەستگیر كراون و لە ئێستادا یەكێك لە وەبەرھێنەرەكان لەنێو زیندانە، بەشێك لەو پڕۆژانەی كێشەیان تێدایە، ھەوڵ دراوە كێشەكانیان چارەسەر بكرێت و دەستیان بە كار كردووەتەوە، تەنیا پڕۆژەی ئارام ستی ماوە".
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆك وتیشی: "یاسا وەك خۆی بەسەر ھەموو وەبەرھێنەرێكدا جێبەجێ دەكرێت و ھیچ كەسێك لە دەست یاسا رزگاری نابێت، راستە لەوانەیە وەبەرھێنەر ھەبێت رایكردبێت بۆ دەرەوەی ھەرێم، بەڵام یاسا بەسەر ئەوانەشدا جێبەجێ دەكرێت".
لەبارەی مافی ھاووڵاتیانیشەوە، كوردۆ ئیحسان روونی كردەوە: "ھەر ھاووڵاتییەك بەشداری كردبێت لە كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون، چ شوققە بێت یان خانوو، ئەوانە مافیان پارێزراو دەبێت، پلانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش ئەوەیە، ھەر بەشداربوویەك یەكەی نیشتەجێبوونی بۆ تەواو دەكرێت و مافی بۆ دەگەڕێندرێتەوە، لە بەرامبەر دواكەوتنی ھەر یەكەیەكیش، لە كاتی دانی پارەكەدا داشكاندنی بۆ دەكرێت و قەرەبوو دەكرێتەوە".
وەك كوردۆ ئیسحان وتی: "بەپێی گرێبەستەكان ئەرك و مافی ھەموو لایەك پارێزراوە، بۆ نموونە ئەگەر ھاووڵاتییەك بەپێی گرێبەست لەگەڵ وەبەرھێنەر یەكەكەی دوا كەوتووە، ئەوا بێگومان 20% ھەتا 40%ی پارەكەی لێ وەرناگیرێت وەك قەرەبوو لە بەرامبەر كاتی دواكەوتن".