سەندیكای رۆژنامەنوسان: لەكاتی خۆپیشاندان و قەدەغەی هاتوچۆ پێشێلكاری جۆراوجۆر بەرانبەر رۆژنامەنوسان كراوە

04/06/2020

نەوا 
لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان، تایبەت بەو توندوتیژیانەی روبەڕوی رۆژنامەنوسان بوەتەوە لە كاتی خۆپیشاندانەكان، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و دوپاتیدەكاتەوە، رۆژنامەنوسان پێشێلكاری جۆراوجۆریان بەرانبەر كراوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتوە، لەچەند رۆژی رابردودا بەهۆی گرژیەكانی شەقام و بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بۆ خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا، رۆژنامەنوسان روبەڕوی چەند جۆرێكی پێشێلكاری بونەتەوە، كە هەمویان پێچەوانەی ئازادیی رادەربڕین و یاسای ژمارە ٣٥ی رۆژنامەگەریی هەرێمی كوردستانن، لەوانە، لە خۆپیشاندانی هاووڵاتیاندا لە رۆژانی رابردوو لە شاری سلێمانی و شار و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسان روبەڕوی گرتن و لێدان و توندوتیژی بونەتەوە، رێگری و جیاكاری لەنێوان دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكرێت بۆ روماڵی پرێس كۆنفرانسەكان و ئەو زانیاریە پێویستانەی، كە دەزگا حكومی و ژوورەكانی ئۆپەراسیۆنی روبەڕوبونەوەی پەتای كۆرۆنا دەیدەن و پێویستە بگوێزرێتەوە بۆ هاوڵاتیان و مافی هەموو دەزگاكانی راگەیاندنە بەشداری بكەن، سەرباری ئەمانەش، جیاكاریكردن و شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەنوسی و دەستبەسەراگرتن و سڕینەوەی میمۆری بوەتە نەریتی رۆژانەی هێزە ئەمنیەكان بەرامبەر رۆژنامەنوسان.
لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان ئاماژەی بەوەشكردوە، وێڕای ئەوەی داوا لە ڕۆژنامەنوسان دەكەن بەئەركی پیشەیی خۆیان هەستن و ئیتیك و ئەخلاقیاتی كاری رۆژنامەنوسی بپارێزن و نەبنە بەشێك لە خۆپیشاندانەكان، سەركۆنەی ئەو رەفتارانە دەكەن بەرامبەر رۆژنامەنوسان و بە مەترسیەكی تری ئاسایش و لەمپەر لەبەردەم ئازادی و دیموكراسی ئەم هەرێمەی دەزانن، داواكارن هەرچی زوترە لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاوڕێكی جدی لەم بارودۆخە بدەنەوە و لەمە زیاتر رۆژنامەنوس قوربانیی ململانێ و ئاڵۆزیەكانی نەدات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group