لە كەركوكیش داوەتی نانخواردن زیاتر لە 30 توشبوی كۆرۆنای لێكەوتەوە

04/06/2020

نەوا
لە كەركوك، بەهۆی داوەتێكی نانخواردنەوە، كە لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا رێكخراوە، زیاتر لە 30 كەس توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، شانەی قەیرانەكانی پارێزگاكەش سكاڵای یاسایی لەسەر رێكخەری ئەو داوەتە و رێكخەری شەكراوخواردنێكی دیكە تۆماردەكات.
لە راگەیەندراوێكدا شانەی قەیرانەكانی پارێزگای كەركوك ئاشكرایكردووە، سكاڵای یاسایی لەسەر رێكخەری ئەو خوانە تۆماردەكەن، كە لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا لە گەڕەكی غرناتەی شاری كەركوك رێكیخستبو و بەهۆیەوە زیاتر لە 30 كەس توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببون، هەروەها سكاڵای یاساییش لەدژی رێكخەری ئەو شەكراوخواردنەش تۆماردەكەن، كە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە لە گەڕەكی عەرەفەی شاری كەركوك ئەنجامدراوە.
شانەی قەیرانەكانی كەركوك راشیگەیاندووە، خاوەنی ئەو داوەت و شەكراوخواردنەوەیە سەرپێچیی رێنماییەكانی لیژنەی سەلامەتیی نیشتمانی و بڕیارەكانی شانەی قەیرانەكانیان كردووە.
شانەكە داواش لە بنكەكانی پۆلیس، موختار و هاووڵاتیانی كەركوك دەكات بڕیارەكانی خۆپارێزی جێبەجێبكەن و پابەندی یاسای تەندروستیی گشتی بن و رێگە نەدەن هیچ گردبونەوەیەك ئەنجامبدرێت.
دوێنێ چوارشەممە فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك توشبونی 35 كەسی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند، كە چواریان منداڵی ساوان.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group