هەڤاڵ ئەبوبەكر: كەمتەرخەمی و دەستوەردان لە پشكنین و كۆنترۆڵكردنی باشماخ و سەیرانبەن قبوڵناكرێت

04/06/2020

نەوا
پارێزگاری سلێمانی دوپاتیدەكاتەوە، پێویستە دۆخی مەرزەكانی باشماخ و سەیرانبەن لە رووی پشكنینەوە بەتەواوەتی كۆنترۆڵ بكرێن و هیچ كەمتەرخەمی و دەستوەردانێك لەو بارەیەوە قبوڵناكرێت.
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی سەردانی قەزای پێنجوێنی كرد و لە هەنگاوەكانی كۆنترۆڵكردنی دۆخی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە قەزاكە كۆڵیەوە، دوپاتیكردەوە، مەترسییەكە جدییە و ئەو بارودۆخە كە هەیە، رێكخراوی تەندروستیی جیهانیش رایگەیاندووە، سلێمانی و پێنجوێن رێژەی بەركەوتەیان زۆرە، بۆیە پێویستە كۆنترۆڵ بكرێت.
پارێزگاری سلێمانی ئاشكراشیكرد، تیمێك لە ئێرانە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی، بۆی ئەوەی لای ئەوانیشەوە رێككاری تەندروستیی توند بگیرێتە بەر، تیمی تەندروستییش لە باشماخ و سەیرانبەن هەن و پشكنین ئەنجامدەدەن و پێویستە بەتەواوەتی كۆنترۆڵ بكرێت.
هەڤاڵ ئەبوبەكر هۆشداریشی دا، كە هیچ كەمتەرخەمییەك لەبارەی ئەنجامدانی پشكنین و كۆنترۆڵكردنی هەردوو مەرزەكە قبوڵناكرێت و لەو بارەیەوە قسەی یەكەم بۆ تیمە تەندروستییەكانە، هەر دەستوەردان و سەركەشی و سەركێشییەك بكرێت لەرووی یاسایی و كارگێڕییەوە روبەڕوی دەبنەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group