زانایانی ئایینی: ئەگەر یەك حاڵەتی كۆرۆنا لە مزگەوت بڵاوببێتەوە دەبێتەهۆی فیتنەی ئایین

04/06/2020
نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
یەكێتی زانایانی ئایینی هەرێمی كوردستان دوپاتیدەكاتەوە، هەر نوێژخوێنێك دەبێت بە بەرماڵ و ماسك و دەستكێشەوە بچێتە مزگەوت، هەركەسێكیش بەهۆی مەترسیی كۆرۆناوە نەچێتە مزگەوت، بۆ نوێژە فەرزەكانیش بێت، گوناهبار نابێت.
ئەمڕۆ 4-6-2020 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا شێح نیاز راغب نەقشبەندی بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان وتی، "بۆ پاراستنی شكۆی مزگەوتەكان لە كوردستان لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە تەنگی بە خەڵكی كوردستان هەڵچنیوە، بۆیە كاتێك شوێنەكان داخران، مزگەوتەكانیشی گرتەوە، ئێستاش لەگەڵ كرانەوەی سەرجەم شوێنەكان، مزگەوتەكانیش دەكرێنەوە، بۆیە نوێژخوێنان لە پێناو و ڕێگەی خوا، تكاتان لێدەكەین ئەوانەی دەچنە مزگەوت بۆ نوێژەكان پابەندی ڕێنماییەكانی تەندروستی بن، چونكە مزگەوت ماڵی خوایە و دەبێ بە پاك و خاوێنی و پارێزراوی بمێننەوە و نوێژخوێن و زانایانی ئایینی لەماڵی خۆیان زیاتر بیپارێزن".
وتیشی: "دەبێت لەكاتی چونە مزگەوت، بەتایبەت سبەینێ، كە نوێژی هەینی ئەنجامدەدرێت، پابەندی بە ڕێنماییەكانی تەندروستی بین، ئەگەر وانەبێت، رەنگە مزگەوتەكان ببنە شوێنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و ئەزیەتدانی موسڵمانان، ئەوكاتیش دەبێتە هۆی تانە و تەشەر، بۆیە دوای پشت بەستن بە خوا و متمانەمان بەوە هەیە ئەوەی خوا نەیكات نابێت، دەبێت پابەندی ڕێنماییەكانی تەندروستی بین، بۆیە داوا لەهەموو موسڵمانان دەكەین ئەو پابەندییە وەك خۆی جێبەجێ بكەن، چونكە ئەگەر یەك حاڵەتی كۆرۆنا لە مزگەوت بڵاوبێتەوە، دەبێتە هۆی فیتنەی دین و دەبێتە هۆی جارێكی دیكە داخرانی دەرگای مزگەوتەكان، بۆیە هەركەسێكیش ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا لە مزگەوتەكان، گوناهبارە و بە تاوان بۆی دەنوسرێت".
لەوەڵامی پرسیارێكی رادیۆ نەواش لەبارەی نەچون بۆ مزگەوت بەهۆی ڤایرۆسەكەوە، نیاز شێخ راغب وتی "هەر موسڵمانێك بۆ پارێزگاری خۆی و پابەندی بە ڕێنماییە تەندروستییەكان ئەگەر لەترسی كۆرۆنا نەیەتە مزگەوت بۆ نوێژە فەرزەكان بە نوێژی هەینیشیەوە گوناهبار نابێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group