نەوا
نوسینگەی رۆژنامەوانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دەنگۆی بەشداریكردنی فازڵ میرانی لە كۆوبونەوەیەكی "دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) لە شاری دهۆك" و بڵاوكردنەوەی لەلایەن میدیاكانی نزیك لە پەكەكە دورە لە راستییەوە و داوا دەكات دەزگاكانی راگەیاندن خۆیان لە هەواڵی بێ بنەما بەدور بگرن.
نوسینگەی رۆژنامەوانی فازڵ میرانی لە رونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردوە، "بەشی توركیی ئاژانسی "فوڕات نیوز"ی سەر بە پەكەكە، هەواڵێكی بڵاو كردووەتەوە گوایە بەڕێز فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشداری كۆبوونەوەیەكی كردووە لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) لە شاری دهۆك بە مەبەستی ئامادەكردنی هێزێكی 200 كەسی كە جلوبەرگی پەكەكەیان لەبەردا بێت و چەندین شوێن ودەزگای هەستیاری وەكو پۆلیس و ئاسایش بكەنە ئامانج بۆ بیانووگرتن بۆ لێدانی دەنگی ناڕازیی ناوچەی بادینان و چەند ناوچەیەكی دیكەی كوردستان دواتریش بەم بیانووەوە پەكەكە بكرێتە ئامانج و لە بارەگاكانی بدرێت".
لەوبارەیەوە نوسینگەی رۆژنامەوانی فازڵ میرانی دەڵێت، "وێڕای بەدرۆخستنەوەی سەرلەبەری هەواڵەكە، بە پێویستمان زانی روونی بكەینەوە كە بەڕێز فازڵ میرانی بەشداریی هیچ كۆبوونەوەیەكی لەم جۆرەی نەكردووە. داواش دەكەین ئەم ئاژانسانە بیر لە میسداقیەتی خۆیان بكەنەوە و چیتر خەڵك بە هەواڵی بێ بنەما چەواشە نەكەن".