ئومێد خۆشناو: تاكە هۆكاری كۆنەبوونەوەی پەرلەمان خۆپارێزییە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا

05/06/2020

نەوا
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان كوردستان ئاشكرای كرد، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت و ڕێوشوێنەكانی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمانیش دەگیرێتەبەر. 
ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی وتوە: "لە ‌ماوەی ڕابردوو لەگەڵ زۆربەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیان هەبووە، ئێستاش هیچ هۆكارێك نابینن بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان نەكرێ و ڕێچكە ئەساسییەكەی نەگرێتە‌بەر، هەموو لایەك كۆكن لەسەر ئەوەی پەرلەمان كارەكانی خۆی دەكات و هیچ گرفتێكیان نییە، پەرلەمان شوێنی چارەسەری كێشەكانە و بە ‌هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوە نین ببێتە شوێنی كێشە و دەبێ كێشەكانی دەرەوەی پەرلەمانیش لەناو پەرلەمان بەسەریاندا سەركەوتوو و زاڵ بن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە."
خۆشناو وتیشی: " تاكە هۆكاری كۆنەبوونەوەی پەرلەمان خۆپارێزییە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا نەك بابەتی سیاسی و ئەو جۆرە بابەتانەی پێشتر بە جۆرێك كاریگەرییان هەبوو، چاوەڕوان دەكەین لەم چەند ڕۆژە،‌ یان هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیە‌كی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكفراكسیۆنەكان ئەنجام دەدرێ و ڕێوشوێنەكانی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمانیش دەگیرێتە بەر ".
سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت: "‌بۆی هەیە چەند وەزیرێكیش لەسەر بابەتی پەیوەندیدار بێنە پەرلەمان و گفتوگۆ لە ‌نێوان حكوومەت و پەرلەمان لەسەر ئەو دۆخ و بابەتانەی دەكەین كە پێویست بكات گفتوگۆ و هەڵوەستەیان لەسەر بكرێت، و بەیەكەوە كۆدەبینەوە."


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group