قوباد تاڵەبانی: كۆرۆنا بابەتێك نییە پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەبێت

05/06/2020

نەوا
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند، ئێمە داوای لێبوردن لە هەموو هاووڵاتیان دەكەین، كە بە هۆی رێكارەكانی خۆپاراستن بە كۆرۆنا زیان بە بژێوی و گوزەرانیان كەوتووە.
تاڵەبانی وتیشی: حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی خۆی دا بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییەكانی لە پەتای كۆرۆنا بپارێزت، تا جەژن توانرا بوو زۆر كاری باش بكرێت، بەڵام دوای جەژن بە هۆی سست بوونەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی پەتاكە بە شێوەیەكی مەترسیدار بڵاوبوویەوە.
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، باسی لەوەشكرد: مەترسی كۆرۆنا زۆر جدییە و كۆرۆنا بابەتێك نییە پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەبێت و درووستكراوی حكومەتی هەرێم و پارتی و یەكێتی نییە، بەڵكو پەتایەكی جیهانییە و پێویستە خۆتانی لێ بپارێزن.
روونیشیكردەوە، ئەگەر پەتای كۆرۆنا زیاتر تەشەنە بكات، ژێرخانی كەرتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بەرگەی فشاری زۆر ناگرێت، بۆیە تاكە چارەسەر و رێگر لە بەردەم تەشەنەكردنی مەترسییەكان خۆپاراستنە.
سەبارەت بە خۆپیشاندانیش لە هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وتی: من قەدری دیموكراتی و ئازادی دەزانم. ئاساییە خەڵك ناڕەزایەتی دەربڕێت بەرامبەر بە حكومەت و دۆخەكە. داواكارم هەر كەس دەیەوێت لە رێی خۆپیشاندانەوە ناڕەزایەتی دەربڕێت، تكایە پابەند بن بە رێنماییەكان و خۆتان بپارێزن. ئەوەش بزانن، كە كۆبوونەوەتان مەترسی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا زیاد دەكات. ئەگەر هەر دەبێت خۆپیشاندان بكەن، خۆتان و هاوڕێكانتان بپارێزن و دەمامك ببەستن.
قوباد تاڵەبانی وتیشی: داوا لە هێزە ئەمنییەكان دەكەم، بە شێوازێكی شارستانی مامەڵە بكەن. تەقەكردن لە خۆپیشاندەران بە هیچ جۆرێك لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە قبوڵ ناكرێت. نابێت بە هیچ شێوەیەك فیشەك بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەكار بهێنرێت. 


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group