جوان ئیحسان: پێویستە هەرێم میكانیزمی دانوستان لەگەڵ بەغدا بگۆڕێت

05/06/2020

نەوا
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عیراق رایگەیاند، لەپێناوی پاراستن و گەرەنتیكردنی بژێوی خەڵك و بەجێهێنانی ئەركی حكومەت كە دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانە، پێویست دەكات هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق "نەرمی بنوێنێت" و پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ بەغدا بەدامەزراوەیی بكات.
جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عیراق لەبارەی رێككەوتنی نێوان هەرێم و ناوەند كە دەوترێت هەرێم سازشی كردوە، بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە،" ئەگەر بڵێین بەمانای سازش نییە، با دروستر بڵێین نەرمی نواندن لەبەر ئەوەی ئێستا حكومەتی هەرێم لەژێر فشارێكی زۆر زۆر دایە، فشاری ئەوەی كە قەرزێكی زۆری كردووە لە لایەكەوە، وەكو سەرپەرشتیاری خەڵك دەبێت دانوستان بكات لەسەر قوتی خەڵك و سەركەوتوو بێت تێیدا ، ئەگەر هەڵەشی كردبێت لە ئیدارە ئەمڕۆ دەبێت هەوڵ بدات بە حیكمەت لە ئیدارەدانی دانوستانەكاندا هەم كەموكوڕییەكانی لە ئیدارەدا چاك بكاتەوە ، هەم بەرامبەر قوتی خەڵكیش بەرپرسیارە ".
لەبارەی پەیوەندی كورد و هێزە سیاسییەكانی دیكەی عێراق، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت، " یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم دەبێت میكانیزمی دانوستان كردنی لەگەڵ ئەم هێزە سیاسیانەی ناو عێراق و تەنانەت حكومەتی ئێستای عێراقیش بگۆڕێت، لەلایەكی دیكە كۆمەڵێك یاسا دەبێت دابڕێژرێت لەسەرو هەموویانەوە یاسای نەوت و غاز كە یەكێكە لەو قانوونانەی زۆر زۆر گرنگە، ئێمە لەدوا كۆبوونەوەشمان لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێمدا كە لە هەولێر كۆبوونەوەمان لەگەڵدا كردن لە بینای ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمەمان پێڕاگەیاندن یەكێك لە هەرە كێشە گەورەكان كە چارەسەر ببێت بە یاسای نەوت و غاز چارەسەر دەبێت".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group