بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەكی سلێمانی چەند نمونەیەكی مەترسیداری كۆرۆنا ئاشكرادەكات

07/06/2020

نەوا
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی كۆماری لە سلێمانی چەند نمونەیەكی مەترسیداری توشبوانی كۆرۆنا دەگێڕێتەوە و دەڵێت "بارودۆخی تەندروستیی سلێمانی زۆر مەترسیدارە، تكایە خۆتان بپارێزن".
دكتۆر داهات حەوێزی پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی كۆماری لە سلێمانی پەیامێك لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوكەوە بڵاودەكاتەوە و نوسیویەتی "وەزعی تەندروستی سلێمانی زۆر مەترسیدارە، تكایە خۆتان بپارێزن، رۆژانە چەندین نەخۆش لە نەخۆشخانەكانی كۆرۆنادا داخڵ دەكرێن، خەریكە نەخۆشخانەكان پڕدەبن، نەخۆشی هەموو تەمەنێكی تێدایە، گەنج، پیر، ژن، پیاو، ئەوەی لەم نەخۆشی كۆرۆنایە دەیبینم لە هیچ نەخۆشییەكی تردا نەمبینیوە، زۆر لە نەخۆشەكان هیچ نەخۆشییەكی تریان نییە، زۆر بەخراپی هەناسەیان تونددەبێت، زۆر لەپڕ وەزعیان تێكدەچێت".
ئەو بەڕێوەبەرە چەند نمونەیەك لە توشبوانی كۆرۆنای باس كردوە و دەڵێت "نەخۆشمان هەبوو چەند ساڵە رەبۆی هەبوە و تەحەمولی نەخۆشییەكەی كردوە، بەڵام دوو رۆژ بەرگەی ئەم ڤایرۆسەی نەگرت، نەخۆشێكی ترمان بە كەم خوێنی داخڵ بو، بەڵام تەنها دوای سێ رۆژ لە توشبونی بە كۆرۆنا، بەداخەوە رۆژی شەممە گیانیلەدەستدا".
ئاماژەی بەوەشكردوە، هێشتا بارودۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرنەچوە، بەڵام وا بڕوات توشی كارەساتی گەورە دەبین، بۆیە تكا لە هاووڵاتیان دەكات پابەندی رێنماییەكان بن لەپێناو تەندروستی هەمواندا و لەكاتی چونەدەرەوەدا ماسك و دەستكێش بەكاربهێنن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group