نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
دكتۆر محەمەد قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئێستا مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری كوردستاندا وەك یەكە و ئەگەر هاووڵاتیانیش بەهەر هۆكارێك پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان نەبن، ئەگەری رودانی كارەسات هەیە.
دكتۆر محەمەد قادر لەلێدوانێكدا بە رادیۆ نەوای راگەیاند، پێویستە هاووڵاتیانی كوردستان پابەندی رێنماییەكانی تەندروستی بن، ئەوكات بە ئاسانی دۆخەكە كۆنتڕۆڵ دەكرێت، ئەگەر وانەبێ و هاووڵاتیان بەهەر هۆكارێك پابەندی رێنماییەكان نەبن، ئەوا ئەگەری رودانی كارەسات نزیكە.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی "ئێستا مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەموو كوردستاندا وەك یەكە و هەموو كوردستان زۆنی مەترسیدارە، بۆیە ئێمە وەكو یەك مامەڵە لەگەڵ هەموو كوردستان دەكەین بۆ كەرەنتینەكردن، بەڵام ئەگەر لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دیكە زۆرترین ژمارەی توشبونی تێدا تۆماربكرێت ئەوا ئەو ناوچەیە دادەخەین نەك كەرەنتینە بكرێت".
لەبارەی هەماهەنگییەكانیان لەگەڵ رێكخراوی تەندروستیی جیهانییش، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رونیكردەوە، هەماهەنگی تەواویان هەیە بۆ پێدانی دوایین رێنماییە زانستییەكانی خۆپارێزی و مامەڵەكردن لەگەڵ توشبوەكان و پاراستنی ئەوانەی تائێستا توشنەبون.