نەوا- سەعید عەبدوڵڵا - هەولێر
بەمەبەستی نەهێشتنی سەرپێچییەكان لەسەر كارەبای نیشتمانی، هەڵمەتەكانی بڕینی زیادەڕۆییەكانی كارەبا لە هەولێر دەستیپێكردەوە و باخ و ڤێللا و شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەكان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ 8-6-2020 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای پارێزگای هەولێر، بەهەماهەنگیی قائیقامییەتەكان، هەڵمەتی بڕینی كارەبای دەستپێكرد.
نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەم هەڵمەتە بە هەماهەنگی پۆلیس و ئاسایش بەڕێوەدەچێت بۆ بڕینی زیادەڕۆییەكانی سەر كارەبای نیشتمانی، لەم قۆناغەشدا هەڵمەتەكە باخ و ڤێللا و شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەكان دەگرێتەوە، هەروها ئەو ماڵانەش، كە كارەبایان لە قوتابخانە و بیرەكانی ئاو راكێشاوە، دەبڕدرێت.
لای خۆیەوە حسێن حەمەد بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر وتی، لە هەڵمەتی رابردوودا بایی یەك ملیار دینار سزای دارایی بەسەر زیادەڕۆكارانی كارەبادا سەپێنراوە و ئەمڕۆش لەناو شاری هەولێر و لەسنوری بەڕێوەبەرایەتیی یەك و دووی كارەبای هەولێر و قەزاكانی كۆیە و شەقڵاوە و سۆران، هەڵمەتی بڕینی كارەبا دەستپێدەكەنەوە.
باسی لەوەشكرد "تیمەكانمان هەر سەرێچییەك بدۆزنەوە خاوەنەكەی دەدەنە دادگا و دۆسیەی یاسایی بەرامبەر دەكەنەوە، بەڵام ئەگەر سەرپێچیكار خۆی ئاگادارمان بكاتەوە، هیچ سزایەكی ماددی نادەین، بەڵكو مۆڵەتی كارەبای بۆ دروست دەكەین".