پەرلەمانتارێك وێنەو ڤیدیۆی چاڵی شەقامەكانی هەرێم تۆماردەكات

08/06/2020

نەوا-لاڤە كوردە 
سەرەڕای چاككردنەوەی بەشێك لە رێگاكانی نێوان شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، لە ئێستادا ئەو شەقامانە دوبارە پڕبونەوە لە چاڵ و چۆڵی و هەروەك شۆفێران باسی دەكەن ئاستەنگی هاتوچۆی دروستكردوە و هۆكارێكیشە بۆ روداوەكانی هاتوچۆ، پەرلەمانتارێكی كوردستانیش لەماوەی قەدەغەی هاتوچۆدا بە وێنەو ڤیدیۆ بەشێكی ئەو شەقامانەی كەڵكی هاتوچۆیان نییە، تۆماردەكات.
سیروان بابان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا وتی "تەواوی شەقامەكان لە هەرێمی كوردستان كەڵكی هاتوچۆیان نییە و لەكاتی كەرەنتیندا چەندین وێنە و ڤیدیۆی خراپی زۆربەی رێگاكانم تۆماركردوە  ودەپرسم بۆ لەوكاتەدا بە نەوت و چیمەنتۆ چاكیان نەكرد؟، رێگای ئاغجەلەر تەنها مەترێكی تێدانییە، كە شۆفێر بە رێكوپێكی بەسەریدا بڕوات، بەڵام بۆ بازرگانی بەكاردەهێنرێت و تانكەری سوتەمەنی لێوەدەڕوات".
 دەربارەی دوبارە تێكچونی ئەو شەقامانەی چاككراون و پلان چییە بۆ نۆژەنكردنەوەیان؟ مەریوان مەلا حەسەن وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێم وتی "بەهۆی ئەوەی بودجەی وەبەرهێنان راوەستاوە، نۆژەنكردنەوەش راگیراوە، زۆربەی رێگاكانیش چاككراونەتەوە و زۆر ئاساییە دوبارە تێكدەچنەوە، چونكە لۆدی زۆریان لەسەرە و لە جیهانیش رێگا هەیە ساڵانە نۆژەندەكرێنەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group