نه‌وا
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێم گیانله‌ده‌ستدانی توشبویه‌كی كۆرۆنای له پارێزگای سلێمانی راگه‌یاند. لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی كوردستانیش داوا ده‌كات رۆژانه له كاتێكی دیاریكراودا ئاماری توشبوان و قوربانیانی ڤایرۆسه‌كه رابگه‌یه‌ندرێت.
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌ته‌كه له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، توشبویه‌كی نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID19، كه پیاوێكی ته‌مه‌ن 66 ساڵی دانیشتوی قه‌زای سه‌یدسادقی سه‌ربه پارێزگای سلێمانی بوه، دوای خه‌واندن و مانه‌وه له نه‌خۆشخانه‌دا، گیانیله‌ده‌ستداوه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌مڕۆ لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر له په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوه‌ته‌وه و له راگه‌یه‌ندراوێكیشدا داوا له هاووڵاتیان ده‌كات پابه‌ندی رێكاره‌كانی خۆپارێزی بن، هه‌روه‌ها بڕیاردراوه داوا له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بكرێت ئاماره‌كانی كۆرۆنا له‌كاتێكی دیاریكراودا بڵاوبكرێنه‌وه.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی په‌رله‌مانی كوردستان، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی كۆبونه‌وه‌كه مه‌ترسییه‌كانی په‌تای كۆرۆنا بوه و جه‌خت له‌وه‌كراوه‌ته‌وه، په‌تای كۆرۆنا مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه و پێویسته به هه‌موولایه‌ك هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی خۆپارێزی بده‌ن و هه‌موولایه‌كیش دڵنیابكرێنه‌وه، له‌وه‌ی بابه‌ته‌كه به‌سیاسی نه‌كرێت و به‌رپرسانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت و به‌جێبه‌جێكردنی رێككاره‌كان مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م په‌تایه تێپه‌ڕێندرێت.