نەوا
هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، دوای ئەوەی مەفرەزەیەكیان لە بەرامبەر بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی ناوشاری كەلار، داوای مۆڵەت لە خاوەنی ماتۆڕێكی بێ سەرەتا دەكات، شۆفێرەكە ئامادە نەبووە هیچ بەڵگەنامەیەك رادەستبكات و هێرشیكردووەتە سەر كارمەندێكیان و برینداریكردووە.
كارزان مەجید بەرێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، "ئەمڕۆ لەكاتی ئەركی فەڕمیدا، لێخوڕی ماتۆڕسكیلێك لە بەرامبەر بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی ناوشار، دوای ئەوەی مەفرەزەی هاتوچۆ لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكەن بەهۆی ئەوەی ماتۆڕەكە بێ سەرەتایە و مۆڵەتی لێخوڕینیشی نیە، لەوكاتەدا ئاامادەنەبوو هیچ شتێك تەسلیم بە كارمەندەكان بكات و پەلاماری كارمەندێكی هاتوچۆ دەدات."
راشیگەیاند، "ئەو كارمەندەی هێرشیكراوەتەسەر ناوی (ئەدیب محەمەد ئەحمەد)ە و بەهۆیەوە، چەند شوێنێكی دەم و چاوی كارمەندەكە برینداربووە، دواتر كارمەندەكە گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر."
وتیشی، "لەئێستادا لێخوڕی ماتۆڕسكیلەكە لەلایەن كارمەندەكانەوە تەسلیم بە پۆلیس كراوە و چاوەڕوانی ڕاپۆرتی پزیشكین، بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی."