داوادەكرێت ئەو كەسانەی بە بۆردومانەكانی توركیا شەهیدبوون بە فەرمی بە شەهید هەژمار بكرێن

10/06/2020

نەوا 
پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، تاوەكو ئێستا شەهیدانی بەركەوتوی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا لەلایەن حكومەتی هەرێم بە شەهید هەژمار ناكرێن و زیانە گیانی و مادییەكانیان قەرەبوو ناكرێنەوە و باس لەوەشدەكات، لەو بارەوە پرسیارێكی ئاراستەی حكومەت كردووە، بەڵام تا ئێستا بێ وەلام ماوەتەوە.
شنۆ ئەشقی سورچی پەرلەمانتاری یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە، بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەكانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆ سەر سنورەكانی هەرێم لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی زیانی گیانی و ماددیان بەركەوتوو، دەیان هاوڵاتی شەهید بوون بە تایبەت لە ناوچەكانی (شێلادزێ، بناری قەندیل و دەڤەری باڵەكایەتی).
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووەی، بەپێی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2007 هەمواركراوی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، ماددەی یەكەم بڕگەی پێنجەم، شەهیدی هاوڵاتی ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە بەهۆی كارە جەنگییەكان یان كارە تیرۆرستیەكان یان كۆچكردنی بەزۆرەملێ، كۆچی دواییان كردووە، بەڵام تا ئێستا شەهیدانی بەركەوتوی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا لەلایەن حكومەتی هەرێم بە شەهید هەژمار ناكرێن و زیانە گیانی مادییەكانیان قەرەبوو ناكرێنەوە.
شنۆ سورچی دەڵێت: "بۆ رای گشتی رادەگەیەنم لە پەرلەمانی كوردستان ماوەی چەند مانگێكە یاداشتمان ئاڕاستەی لیژنەی شەهیدان كردووە و پرسیارمان ئاڕاستەی حكومەت كردووە و داوامان لێكردوون كە دەبێت بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بكرێت و بەركەوتوانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا مافێكی یاسایی و رەوای خۆیانە سودمەند بن لە ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان بەو شێوەیەی كە لە یاساكەدا هاتووە هاوشێوەی دەڤەرەكانی تری سەرسنوری هەرێمی كوردستان، بەڵام بێ وەڵام بووە".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group