لیژنه‌ی دارایی: ئێمه‌ش له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌پرسین كوا 400 ملیار دیناره‌كه‌؟

11/06/2020

نه‌وا-سه‌عید عه‌بدوڵڵا-هه‌ولێر

هاشتاگی (كوا 400 ملیاره‌كه‌؟) بۆته‌ پرسی سه‌ره‌كی چالاكوانانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ كوردستاندا و سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانیش هه‌مان پرسیار ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات.
سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ی هاووڵاتیان، زیاد جه‌بار سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابوری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، ئه‌وه‌ پرسیارێكه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كرێت، له‌كاتێكدا خۆی مانگی رابردو وتویه‌تی هه‌ر پاره‌یه‌ك هه‌بێت ده‌یكات به‌ موچه‌، دیاره‌ 400 ملیار دیناره‌كه‌ هاتوه‌ و موچه‌ش دابه‌ش نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و قسه‌یه‌ بكات به‌ كردار.
ده‌شڵێت "دڵنیاین 400 ملیار دیناره‌كه‌ هاتوه‌، به‌ڵام بۆ موچه‌ خه‌رج نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌مان قسه‌ی خۆیان به‌بیرده‌هێنینه‌وه‌".
هه‌روه‌ها زیاد جه‌بار وتی "ئێمه‌ به‌ رێككاری یاسایی و په‌یڕه‌وی خۆمان پرسیار له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵاممان بداته‌وه‌، ئه‌و پرسیاره‌ی 400 ملیار دیناره‌كه‌ش به‌هه‌مان رێككار ئاراسته‌ی حكومه‌ت ده‌كه‌ین".
له‌ مانگی رابردودا موچه‌ی مانگی 1ی ئه‌مساڵی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ دابه‌شكرا، له‌ كۆتایی مانگیشدا حكومه‌تی عیراق 400 ملیار دیناری وه‌ك پاره‌ی موچه‌ بۆ هه‌رێم نارد، بۆیه‌ ئێستا فه‌رمانبه‌ران و هاووڵاتیانیش پرسیاری چاره‌نوسی ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، موچه‌ی مانگی 1ی ئه‌مساڵی كۆكردۆته‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌شێكی قه‌رز كردوه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group