وەزارەتی تەندروستی دەنگۆی پەراوێز خستنی كارگەی بەهەمهێنانی ئۆكسجین لە سلێمانی رەتدەكاتەوە

11/06/2020

نەوا
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیەنێت، دەنگۆی پەراوێز خستنی كارگەی بەهەمهێنانی ئۆكسجین لە سلێمانی دوورە لە راستی و بەهۆی لەكاركەوتنی پارچەی یەدەگی "پستۆن" لەكار وەستاوەو چاوەڕواندەكرێت لە ئەمریكاوە رەوانە بكرێت كە نزیكەی 20 رۆژی پێدەچێت.

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێك سەبارەت بە كارگەی بەرهەمهێنانی ئۆكسجینی سلێمانی كە گوایە پەراوێز خراوە. بە پێوستی دەزانین بۆ هاوڵاتییانی روون بكەینەوە كە تەواوی هەواڵەكە دوورە لەراستی و دوای بەدواچوونمان و پەیوەندیكردنمان بە بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، بەرێزیان رایگەیاند كە تەنها پارچەی یەدەگی (پستۆن)ی پێویستە و لە وڵاتی ئەمەریكا دەهێنرێت و ئۆردەرو دەرخستەی بۆ كراوە، كێشەكە كێشەی دابینكردنی خەرجی و پارەی (بیست و شەش ملیۆن) نیە بەڵكو تەنها كێشەی كاتە. كە پێویستی بە نزیكەی بیست رۆژ هەیە تاوەكو لەلایەن كۆمپانیای پەیوەنددار دەگاتە هەرێمی كوردستان. پێویستە سوپاس و ستایشی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی دارایی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت كە بە تەرخانكردنی چەندین ملیار دینار تائێستاش بەردەوامە لە فەراهەم كردنی خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی بۆ هاولاتییانی خۆشەویست، نەوەك بەكەمزانین و تەسككردنەوەی كار و چالاكییەكانی تیمە تەندروستییەكان لە نەخۆشخانەكان. كە پێویست بوو پێش كردنی ئەم جۆرە قسانە بە دواداچوونیان كردبا بۆ ئەوەی بزانن چۆن بەشەو و بەرۆژ و لەماوەی پشووشدا خزمەتەكان بەردەوامن، نەوەك بە لارێدابردن و بەهەڵەگەیاندنی زانیاریەكان بۆ رای گشتی. ئومێدەوارین هاوڵاتییانی خۆشەویست باوەر بەم هەواڵە ناڕاستانە نەكەن و بەردەوام بن لە پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزیەكان، لەهەمان كاتدا وەزارەتی تەندروستی لەریگەی لیژنەی پسپۆرییەوە بەدواداچوونی زیاتر بۆ ئەوم دۆسییەیە دەكات.
د.محمد قادر خۆشناو
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
١١ ی حوزەیرانی ٢٠٢٠

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group