رێبوار تەها: مامەڵە لەگەڵ پارێزگاری كەركوكدا ناكەین

12/06/2020

نەوا
رێبوار تەها، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە ئامادەنین مامەڵە لەگەڵ راكان جبوری، پارێزگاری كەركوكدا بكەن، چونكە بەقسەی ئەو، روبەڕو جۆرێك مامەڵە دەكات و لەپشتیشەوە پیلان دژی كورد و ناوچە كوردییەكان دادەڕێژێت.
رێبوار تەها، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە، لەمیانی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، ڕەتیكردەوە حیزبەكەی لەكەركوك بچێتە ژێر باری ئەمری واقیعەوەو مامەڵە لەگەڵ پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بكات، وتی"هیچ كات ئامادەنین لەگەڵ ڕاكان جبوری-دا مامەڵە بكەین، چونكە ڕوبەڕو بە جۆرێك مامەڵە دەكات، لە پشتیشەوە پیلان دژی كوردو ناوچە كوردییەكان دادەڕێژێت، تۆمەتباریشە بە چەندین دۆسیەی گەندەڵی."
ڕەتكردنەوەی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕاكان جبوری لەلایەن ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتییەوە، لەكاتێكدایە پێشتر محەمەد عوسمان بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لەكەركوك لەگەڵ ڕاكان جبوریدا كۆبوەتەوە، لەمەسەلەی ڕادەستكردنەوەی 176 تۆمەتبارە عەرەبەكەدا بە حكومەتی عێراق، هەماهەنگی هەبوە لەنێوانیاندا.
لەوبارەیەوە، رێبوار تەها ئاماژەی بەوەكرد هەندێكجار ناچاربون بۆ هەندێك مەسەلە مامەڵە لەگەڵ جبوریدا بكەن، چونكە ئەوان نایانەوێت گۆڕەپانەكە چۆڵ بكەن، وتی"بەشداربوین لەكۆبونەوەی پارێزگادا بۆ مەسەلەی نەخۆشی كۆرۆناش، چونكە پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەبو، بۆیە هەندێكجار كە لەگەڵ راكان جبوری دانیشتوین، لەبەر خاتری ئەو نەبوە، بەڵكو لەبەرئەوە بوە كە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر بە دانیشتوانی كەركوك و گۆڕەپانەكە بۆ كەس چۆڵ ناكەین."


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group