سەرۆكی پەرلەمان: پابەندبونمان بە ڕێنماییە تەندروستییەكان تاكە دەرچەی دەربازبونە

12/06/2020

نەوا
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت،"پابەندبونمان بە ڕێنماییە تەندروستییەكان تاكە دەرچەی دەربازبونە لەم قەیرانە پڕ مەترسییە تەندروستییە جیهانییە".
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی،"لە ئێستادا مرۆڤایەتی لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەدایە، و هەرێمی كوردستانیش لەم چوارچێوەیە بەدەرنییە؛ ژیانی تەواوی مرۆڤایەتی بەیەكەوە گرێدراوە و لێكەوتە تەندروستی، كۆمەڵایەتی و ئابوریەكانیش كاریگەری هاوبەشیان هەیە"
دەشڵێت،"كەمكردنەوەی ئەم مەترسیانە تەنها بەندە بە خۆپارێزی تاكەوە. بۆیە پابەندبونمان بە ڕێنماییە تەندروستییەكان تاكە دەرچەی دەربازبونە لەم قەیرانە پڕ مەترسییە تەندروستییە جیهانییە و پێچەوانەكەی هەمومان بە هەمان قەبارە دەخاتە بەردەم مەترسی گەورە. بەتایبەت، كاتێك كاریگەری بڵاوبونەوە و مەترسی بكوژی ڤایرۆسەكە هەستپێكراوتر و خێراترە لەو وڵاتانەی سیستمی تەندروستییان سنوردارە"
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاندوە،"لە هەرێمی كوردستان توانا لۆجیستی و مرۆییەكانی كەرتی تەندروستی سنوردارە، بۆیە لە هەمو ئەگەرێكدا، خۆپارێزی و پابەندبون بە ڕێنماییە تەندروستییە جیهانی و ناوخۆییەكان، باشترین ڕێگەی خۆپارێزییە،و ئەم هەنگاوەش گەرەنتی سەلامەتی خۆمان، كەسوكار، خۆشەویستمان و گەلەكەمان دەكات."


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group