توشبوانی كۆرۆنا لە هەرێم 2 هەزار كەسی تێپەڕاند

13/06/2020

نەوا
‏‎‏‎‏‎وەزارەتی تەندروستیی هەرێم توشبونی 112 كەسی دیكەی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند، كە 78 توشبویان لە پارێزگای سلێمانین، 20 توشبو لە هەولێر و 14 توشبوش لە دهۆكن، بەوەش ژمارەی توشبوان دوو هەزار كەسی تێپەڕاند.
لەلایەكی دیكەوە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و چاكبونەوەی 30 توشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنای راگەیاند و دەڵێت، پشكنینی یەك لەدوای یەكیان بۆ كراوەتەوە و نەرێنی بووە، باری تەندروستییان تەواو جێگیربوەتەوە، بۆیە بڕیاردراوە بنێردرێنەوە ماڵەوە.
تەندروستیی هەولێر ئەوەشی خستوەتە روو، تاوەكو ئێستا لە پارێزگای هەولێر 277 توشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە.
هەروەها وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوو توشبوی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە، كە هەردووكیان پیاون و تەمەنیان 74 ساڵ و 63 ساڵە، بەوەش ژمارەی گیانلەدەستدان لە سلێمانی گەیشتە 34 كەس و لە هەرێمی كوردستانیش بە گشتی گەیشتە 38 كەس.
تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان دوو هەزار و پێنج كەس توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، 600 كەسیان چارەسەركراون و 38 كەسیان گیانیان لەدەستداوە، ئێستا هەزار و 367 توشبو لەژێر چاودێریی تەندروستیدان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group