راكان جبوری هەوڵی دوبارە گەڕاندنەوەی عەرەبە هاوردەكان و دەركردنی كوردەكانی داوە

13/06/2020

نەوا
‏‎بەهۆی ئەوەی راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك داوایكردووە ئەو عەرەبانەی پێشتر قەرەبووكراونەتەوە، بگەڕێنرێنەوە كەركوك و كوردەكانیش دەربكرێن، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستانیش دوپاتیكردەوە، ناهێڵن ئەو هەنگاوە جێبەجێ بكرێت، داوای دوورخستنەوەی راكان جبوریش لە پۆستەكەی دەكات.
جوان یونس رۆژبەیانی سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، بە نووسراوێكی نهێنی بە ژمارەی 28، كە لە 17-05-2020 راكان جبوری واژووی لەسەركردووە و ئاراستەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوكی كردووە، لەسەر بنەمای داوای شێخێكی عەشیرەتی شەمەر، داوا دەكات ژمارەیەكی زۆر لەو خانەوادانەی لە عەرەبی هاوردەن و لە دوای ساڵی 2003وە، كە بەشێكی زۆریان قەرەبوو كراونەتەوە و گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان لە موسڵ و تكریت، لە ئێستادا نیشتەجێی ناوچە كوردستانییەكان بكرێن و كوردەكانیش، (كە لە نوسراوەكەدا بە "المتجاوزین" ناوی هێناون) دەربكرێن.
رۆژبەیانی دەڵێت "دوای ئەوەی ئاگاداركراینەوە و دەقی نوسراوەكەمان بەدەست گەیشت، هەرزوو لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و نوێنەرانی كوردستان لە پەرلەمان و حكومەتی عێراق تاوتوێی بابەتەكەمان كرد و پێمان راگەیاندن، كە وروژاندنی ئەم بابەتە لە بەرژەوەندی هیچ لایەكدا نابێت و جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ئەم نوسراوە قبوڵ ناكرێت".
ئاشكراشیكردوە، دوای پەیوەندییەكانی ئەوان، لە بەغداوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك ئاگاداركرایەوە بە هیچ شێوەیەك ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكرێت.
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەشڵێت "ئەم هەنگاوەی راكان جبوری، زەنگێكی مەترسیدارە و پێویستە هەرچی زووترە ئەو كەسە لەو پێگەیە دووربخرێتەوە، چونكە مانەوەی مەترسییە لەسەر پێكەوەژیان لە سنوری پارێزگای كەركوك، ئەو هەنگاوانەی راكان جبوری تەنها بۆ ڕاكێشانی سۆزی عەشیرەتەكانی نەتەوەی عەرەبە، چونكە لە ئێستادا سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك داوای دورخستنەوەی دەكەن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group