پەرلەمانتارێكی پێشوتری گۆڕان: ئیتر كاتی ئەوەیە كۆتایی بەم گاڵتەجاڕیەی حوكمڕانی بهێنن

13/06/2020

نەوا
پەرلەمانتارێكی پێشووتری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوەی داكۆكی لەمافی خۆی پێنەكرێت، شایەنی چەوساندنەوەیە.
پەیمان عیزەدین پەرلەمانتاری پێشووتری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە پەیجی خۆی نوسیویەتی: "ئەوەی ئێستا پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی ئەیكەن، ئەوپەڕی هوشیاری و درككردنە بە مافەكانیان، ئەوان ساڵەهایە لە كەرتێكدا ماندودەبن و خزمەت ئەكەن ،كە باش ئەزانن پەراوێزخراوترین كەرتە خزمەتگوزاریەكانە، باش دەزانن كاتێك نەخۆش دەمرێ بەهۆی نەبونی دەرمانی پێویستەوەیە، نەك دەوام نەكردنی ئەوان، كەمیی ئامێرەكانی هەناسەدان و ئۆكسجین و جێی مانەوەی نەخۆش، كەمتەرخەمی و بێباكی دەسەڵاتە نەك پزیشك و كارمەندانی تەندروستی".
ئەوەشی وتووە: "ئیتر كاتی ئەوەیە كۆی مووچەخۆران، كۆتایی بەم گاڵتەجاڕیەی حوكمڕانی بێنن و بۆ سەندنەوەی سەرجەم مافەكانیان لە موچە و پاشەكەوتی موچەكانیان ، مانبگرن".
پەرلەمانتاریەكەی خولی پێشوتری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاندووە، كارمەندانی هاتوچۆ و فەرمانگەكانی داهات كۆكردنەوە، تاكەی داهات بۆ دەسەڵاتێك كۆدەكەنەوە كە ناتوانێت بچوكترین مافەكانیان دەستەبەربكات، موچە داواكاریەكی بچوك و سەرەتاییە، بەڵام دیارترین بەڵگەكانی شكستی حوكمڕانیە، بۆیە لەسەر مافی خۆت وەرە دەنگ، لەكۆتایدا مافی گشتیش ئەبێ بە مەراقت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group