ژوری ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر رونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

13/06/2020

نەوا 
پەیجی پارێزگای هەولێر لە رونكردنەوەیەكدا دەنگۆی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی رەتدەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، هەوڵی چەند كەسێكە بۆ گرانكردنی خۆراك و كەلوپەلەكانیان.
‎‎ژوری ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت: "هەندێك كەس و لایەن ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا دوچاری هاتووین قۆستۆتەوەو دەیانەوێت لە رێگەی بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەی بێ بنەما سەبارەت بە قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی لەسنوری پارێزگای هەولێر، نرخی كەل و پەل و خۆراك و كاڵاكان لەسەر هاووڵاتییان زیادبكەن، دڵنیاتان دەكەینەوە هیچ بڕیارێك لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی لەسنوری پارێزگای هەولێر لە ئارادانییە.
باس لەوەشكراوە، هەموو ئەو دەنگ و قسەو باسانەشی كە هەیە پڕوپاگەندەی خەڵكانێكە دەیانەوێت بەو هۆییەوە نرخی كەل و پەل و خۆراك و كاڵاكان لەماركێت و بازاڕەكان لەسەر هاووڵاتییان گران بكەن، وەكو پارێزگای هەولێر لە رێگەی تیمەكانی چاوێری بازاڕ زۆر بەووردی چاودێری و كۆنتڕۆڵی نرخی كەل و پەل و پێداویستی و خۆراكمان كردووەو هەركەس و لایەنێك لە سنوری پارێزگای هەولێر نرخ لەسەر هاووڵاتییان زیاد بكات ڕوبەڕوی رێكاری توندی یاسایی دەكەینەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group