مەزڵوم كۆبانێ: هێزە دەرەكیەكان دژی یەكگرتنەوەی لایەنە كوردیەكانی رۆژئاوان

13/06/2020

نەوا
فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات، ڕایگەیاند، دیالۆگی كوردان هەنگاوێكی گرنگە بۆ گەیشتنن بە چارەسەری كێشەكانی نێوان سوورییەكان، بەڵام هەندێك لایەنە دەرەكی دەستێوەردان لەو پرسەدا دەكەن.
مەزڵوم كۆبانێ  فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)  لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ماڵپەڕی "سیریان دیموكراتیك مەگەزین"، رایگەیاند، دیالۆگی نێوان كوردان، هەنگاوێكی كلیلی و گرنگ دەبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری كێشەی سوورییەكان.
وتیشی، "پرۆسەی یەكگرتنی كوردان، پرۆسەیەكی دژوارە، بەوپێیەی هێزە دەرەكییەكان دەستی تێوەردەدەن و كاریگەری نەرێنییان بەسەریەوە هەیە و دژیایەتیی خۆیان بۆ هەر هەنگاوێك بە ئاراستەی یەكگرتووی لایەنە كوردیەكان ڕاگەیاندووە".
فەرماندەی هەسەدە ئاماژەی بەوە كرد، كە كار لەگەڵ هاوپەیمانە ئەمریكییەكان و قەوارە نێودەووڵەتییەكانی دیكە دەكەن، "تاوەكو ئەم هەنگاوە سەرەتاییەی یەكگرتن لە نێوان لایەنە كوردیەكان سەربگرێت".
ماوەی چەند مانگێكە تەڤگەری كۆمەڵگای دیموكراتی (تەڤدەم) و ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا (ئەنەكەسە) كە دوو لایەنی ناكۆكن لە رۆژئاوای كوردستان دەستیان بە كۆبوونەوە و دانوستان كردووە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و بەڕێوەبردنی ئەو بەشەی كوردستان بە هاوبەشی.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group