رەوەند مەلا مەحمود: ئەو عەرەبانەی تەعریب جێبەجێدەكەن لە هەولێر نیشتەجێن

13/06/2020
نەوا
ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی ئاشكرایكرد، هەوڵەكەی راكان جبوری بۆ گەڕاندنەوەی عەرەبە هاوردەكان بۆ كەركوك راگیراوە، رەخنەی ئەوەش دەگرێت، كە ئەو عەرەبانەی پرۆسەی تەعریب جێبەجێدەكەن لە هەولێر نیشتەجێن.
لەمیانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆ نەوا، رەوەند مەلا مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی قسەی لەسەر ئەو نوسراوە كرد، كە راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك ئاراستەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگاكەی كردووە، لەسەر بنەمای داوای شێخێكی عەشیرەتی شەممەر، داوا دەكات ژمارەیەكی زۆر لەو خانەوادانەی عەرەبی هاوردەن و قەرەبوو كراونەتەوە و گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان لە موسڵ و تكریت، بگەڕێنرێنەوە كەركوك، بەرپرسەكەی یەكێتی رایگەیاند، ئەو هەوڵەی راكان جبوری نەچوەتە بواری جێبەجێكردنەوە و سەرۆك كۆماری عیراق دەستوەردانی كردوە و راگیراوە.
رەوەند مەلا مەحمود دوپاتیشیكردەوە، تەعریب بەردەوامە و بۆ یەك رۆژیش نەوەستاوە، بەڵام ئەوەی لە پرۆسەكە تێنەگەیشتووە سەرانی كورد و حزب و لایەنە كوردییەكانن.
ئەندامەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی رەخنەی لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرێت، بەوەی سیاسەتێكی چەوت جێبەجێدەكات و ئێستاش بەشێكی زۆری ئەو عەرەبە سوننانەی پرۆسەی تەعریب جێبەجێدەكەن، بەتایبەت شەممەرەكان، لە هەولێر دەژین، تەنانەت لە حكومەتی هەرێم پۆستێك هەیە بەناوی دەستەی ناوچە دابڕێنراوەكان، پارتی ئامادە نییە بەرپرس بۆ ئەو دەستەیەش دابنێت، بۆیە رەوەند مەلا مەحمود نەیشاردەوە، كە تەعریب پرۆسەیەكە سیاسەتی كوردیش پشتیوانە بۆی.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی پێشی وا نییە هەوڵی لادانی راكان جبوری لە پۆستەكەی سەربگرێت، بەتایبەت، كە لەماوەی رابردوودا مستەفا كازمی سەرۆكی وەزیرانی عیراق رایگەیاندووە، دەیەوێت كەسانی سەربازی بكاتە  بە پارێزگاری پارێزگاكانی عیراق.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group