فەرماندەیەكی سوپای پاسداران: هیچ گەریلایەكی پەكەكە لە ناو خاكی وڵاتەكەماندا نییە

13/06/2020

نەوا
فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران لێدوانی بەرپرسانی ئەنقەرەی لە بارەی بوونی گەریلاكانی پەكەكە لە ناو خاكی ئێران رەتكردەوە و وتی، هۆكاری ئەو جۆرە لێدوانانە بۆ زۆربوونی چالاكیەكانی پەكەكە لەناو توركیا گەڕاندەوە. 
محەمەد پاكپور فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران لە میانی بەسەركردنەوەی چەند بنكەیەكی سەربازی لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بانگەشەی بەرپرسانی توركیا لە بارەی بوونی گەریلاكانی پەكەكە لە ناو خاكی ئێران بێ بنەمایە و دورە لە راستیەوە و لێدوانی لەو چەشنە نابەرپرسانەیە.
وتیشی، لە سنورە هاوبەشەكانیان لە گەڵ توركیا هاوكاریەكی توندوتۆڵ لە نێوان هێزە سەربازیەكانی هەر دوولادا هەیە و پێویستە بەرپرسانی ئەنقەرە بەر لەوەی لێدوانی لەو چەشنە بدەن، لە رێگەی میكانیزمە دیاریكراوەكانی نێوانیان بەدواداچوون بكەن.
فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران ئەوەشی خستەڕوو، كە بە هۆی زۆربوونی چالاكیەكانی پەكەكە لە ناو خاكی توركیا لە ماوەكانی رابردوودا بەرپرسانی ئەنقەرە بۆ كەمكردنەوەی فشارەكانی سەرخۆیان ناچار بوون لێدوانی لەو چەشنە بدەن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاندبوون نزیكەی 100 گەریلای پەكەكە لە ناو خاكی ئێراندان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group