جێگری پارێزگاری سلێمانی بڕی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران بۆ ئه‌مساڵ ئاشكرا ده‌كات

14/06/2020

نه‌وا
جێگری پارێزگاری سلێمانی ئاشكرایكرد، ئه‌مساڵ له‌ سایلۆكانی پارێزگای سلێمانی 165 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جوتیاران وه‌رده‌گیرێت، كه‌ به‌راورد به‌ ساڵی رابردو 30 هه‌زار تۆن زیاتره‌.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ عومه‌ر قه‌ڵادزێی جێگری پارێزگاری سلێمانی له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا رایگه‌یاند، ئه‌مساڵ وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ جوتیاران به‌پێی رێنماییه‌كانی پارێزگا ده‌بێت، له‌ئێستاشدا هه‌ر چوار سایلۆكه‌ی سنوری پارێزگاكه‌ كراوه‌ن، كه‌ بریتین له‌ سایلۆكانی سلێمانی، سه‌یدسادق، چه‌مچه‌ماڵ و راپه‌ڕین.
جێگری پارێزگاری سلێمانی وتیشی: "ئه‌مساڵ 165 هه‌زار تۆن گه‌نم بۆ پارێزگاكانی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ی راپه‌ڕین و گه‌رمیان دیاریكراوه‌، كه‌ به‌راورد به‌ ساڵی رابردو 30 هه‌زار تۆن زیاتره‌، تا كۆی ئه‌و بڕه‌ش وه‌رده‌گیرێت پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ جوتیاران به‌رده‌وام ده‌بێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بۆ ئه‌مساڵ نرخی گه‌نمی پله‌ یه‌ك 560 هه‌زار دیناره‌، پله‌ دوو 480 هه‌زار دینار و گه‌نمی پله‌ سێ بۆ هه‌ر ته‌نێك 420 هه‌زار دینار دیاریكراوه‌، كه‌ ئه‌و نرخانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ دیاریكراوه‌ بۆ سه‌رتاسه‌ری عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group