"پزیشك و كارمەندی تەندروستی بە سواڵ و پیتاك ناڕۆن بەڕێوە"

14/06/2020

نەوا-لاڤە كوردە 
بەهۆی دواكەوتنی مووچەی مانگی دووی ئەمساڵ و پابەند نەبونی حكومەتی هەرێم بەوەی كە هەموو مانگێك لە كاتی خۆیدا مووچە بدات، تەواوی سێكتەری تەندروستی لە سلێمانیەوە هۆشداری دەداتە حكومەت و سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی كارگێڕانی تەندروستی-یش دەڵێت "بەهۆی بێباكی حكومەتەوە بڕیاری راگرتنی شوێنە گەرمەكانیش دەدەین و ئۆباڵی زەرەو زیانی هاووڵاتیان لە ئەستۆی حكومەتە".
بڕیار ئازاد سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی كارگێڕانی تەندروستی لەمیانی بەشداریكردنی بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "وەك حەوت سەندیكا لە ناوەندی تەندروستی سلێمانیەوە هەر لە پزیشكەوە تا كارمەند و كارگوزار بە هەموو بەشەكانەوە بەیاننامەی هاوبەشمان دەركردوە و هەڵوێستی خۆمان راگەیاندوە و بە دابەشكردنی مووچەی تەنها مانگێكیش واز ناهێنین ئەگەر هیچ وەڵامێك نەبێت تەواوی بەشەكان بایكۆت دەكەین و ئۆباڵی زەرەرو زیانی هاووڵاتیان هەرچی رودەدات لە ئەستۆی حكومەتە".
دەربارەی ئەوەی كە سبەینێ كاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ كۆدەبنەوە، ئایا هەڵوێستیان راگرتنی نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆناش دەگرێتەوە؟، بڕیار ئازاد سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی كارگێڕانی تەندروستی وتی "تا دەركردنی بەیاننامەكە بڕیارمان ئەوەیە كە شوێنە گەرمەكانیش بوەستن و لە دوای كۆبونەوەی دوەم تەواوی هەڵوێستمان دەخەینەڕو، لەم كاتەدا كە بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لە تاقیگەكان كارمەندمان هەیە كە زۆر ماندون پارەی هاتوچۆشیان پێنییە، بۆیە پزیشك و كارمەندی تەندروستی بە سواڵ و پیتاك ناڕوات بەڕێوە".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group