لیژنەیەكی پەرلەمانی كوردستان داواكارییەك ئاڕاستەی لایەنە كوردستانییەكان دەكات

14/06/2020

نەوا
لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم داوادەكات حكومەتی هەرێم ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بكاتە پێشینەی خاڵەكانی گفتوگۆكردن و دانوستاندن.
لە پەیامێكدا لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە، شانە چەكدارییەكانی رێكخراوی داعش بە سود وەرگرتن لە كێشە سیاسییە نەبڕاوەكانی عیراق و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دروستبووە، جموجوڵەكانیان زیادیكردووە و ھاووڵاتیانی كورد و خەڵكی رەسەنی ئەو ناوچانەیان كردوە بە ئامانجی سەرەكی لە دوایین كردەوەی تیرۆریستیدا، بەداخەوە لە شەوی 13 لەسەر 14ی 6ی 2020، ھەڵدەكوتنە سەر گوندی (دارا)ی سەر بە قەزای (خانەقین) و 7 ھاووڵاتی كورد شەھید دەكەن و 5 كەسی تریش بریندار دەكەن.
باس لەوەشكراوە، ئێمە بەرپرسیاریەتی ئەو كردەوانە دەخەینە ئەستۆی حكومەتی عیراق و ھێزەكانی سوپای عیراق بە ھۆی كەمتەرخەمییان لە ئەركی پاراستنی ئەو ناوچانە، داواكارین لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان كە ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە لە پێشینەی خاڵەكانی گفتوگۆكردن و دانوستاندن بێت لەگەڵ حكومەتی عیراق و كار بكرێت بۆ دروستكردنی ھەماھەنگی پێویست لە نێوان ھێزەكانی سوپای عیراق و ھێزی پێشمەرگەی كوردستان و ھاوپەیمانان، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە ھەیە.
لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم داوا لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات ھەرچی زووترە ناكۆكییەكانیان بەلاوە بنێن و لەبری سەرقاڵبوون بە پرسە لاوەكییەكان، ھەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ رێگریكردن لە بەردەوامی دۆخی ناھەمواری ئەو ناوچانە.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group