زانیاری نوێ لە بارەی هێرشەكەی سەر گوندە كاكەیی نشینەكەی خانەقین بڵاودەكرێتەوە

14/06/2020

نەوا
زانیاری نوێ لەسەر هێرشە چەكداریەكەی سەر گوندە كاكەیی نیشینەكانی باشوری قەزای خانەقین ی پارێزگای دیالە بڵاودەكرێتەوە، كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 5 گوندنیشینی كاكەیی و دوو پۆلیسی عێراقی.
گوندی دارا، ئەو گوندە كاكەیی نیشینەیە، شەوی شەممە هێرشیكرایە سەر و 5 هاوڵاتی كاكەیی تێدا كوژران، لەكاتی ڕۆیشتنیان بەرەو گوندەكەش بۆ بە هاناوەچوونی دانیشتوانی گوندەكە، بۆمبێكی چێنراو بە كاروانێكی سوپای عێراق دا تەقیوەتەوە، بەو هۆیەوە دوو سەرباز كوژراون، كە یەكێك لەسەربازەكانیش كاكەیی بووە.
رەجەب كاكەیی چالاكوانی كاكەیی، بەدەنگی ئەمریكای وتووە"ئەو ناوچەیەی هێرشیكراوەتە سەر و 5 كاكەییەكەی تێدا شەهید بوون، سنوری دەسەڵاتی حەشدی شەعبی یە، ئێمە ئەوان بە بەرپرسیار دەزانین."
بەپێی زانیاریەكان كاتژمێر9 و سی خولەكی شەوی شەممە، پێش ئەوەی هێرش بكرێتە سەر گوندی دارای كاكەیی نیشین، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی چاودێری بەسەر گوندەكەدا سوڕاوەتەوە، دوای دیارنەمانی فڕۆكەكە، هێرشەكە دەستیپێكردووە.
لەو رووەوە رەجەب كاكەیی، رایگەیاندوە، "سوڕانەوەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی چاودێری، جۆری هێرشەكە، هەمووی جێگەی گومانن."
هەر بەپێی زانیاریەكان ئەو چەكدارانەی هێرشەكەیان ئەنجامداوە، ژمارەیان 10 بۆ 12 چەكداربوون، كە بە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە جۆری مێكزەمینی هاتوونەتە ناوچەكە و دەستیان بە هێرشەكە كردووە و لە سێ جێگە بۆسەیان دانابووە، لە پشت گوندی دارا، لەنزیك باڵەجۆ و لە سەر ڕێگەی خانەقین.



شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group