هەوڵەكانی حكومەت بۆ رێكخستنەوەی باج بەردەوامن

14/06/2020

نەوا
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە برەودان بە كەرتی تایبەت و پێداچوونەوە و ڕێكخستنەوەی سیستەمی باجدانانی كرد.
بەپێی راگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی كەرتی تایبەت و ڕێكخستنەوەی بازاڕی كار و پێداچوونەوەی یاساكانی پەیوەندیدار بە كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی ئەوانەی لە كەرتی تایبەت دەكەن كرا، كە بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەكی تایبەت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران پێكهاتووە. 
دارا رەشید وەزیری پلاندانان و سەرپەرشتیاریی لیژنەكە، ڕاپۆرتێكی خستەڕوو كە تێیدا دەستنیشانی دەرفەت وئاستەنگەكان كرابوو بە ئاراستەی هاندانی خەڵك بۆ كاركردن لە كەرتی تایبەت . 
 لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ، گفتوگۆ دەربارەی ڕێكخستنەوە و پێداچوونەوەی سیستەمی باج كرا كە بەشێكە لە كارنامەی كابینەی نۆیەم بۆ چاكسازییكردن لە داهاتەكان وڕێكخستنەوەیان كە هاوشانە لەگەڵ چاكسازیكردن لە خەرجییەكان و بواری كارگێڕی.
لەم ڕووەوە ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرپەرشتیاری ئەو لیژنەیەی بۆ ئەم مەبەستە پێكهاتووە، ڕاپۆرتی لیژنەكەی سەبارەت بە باجەكان خستەڕوو كە تێیدا ئاماژەی بە ئاستەنگ و گرفتەكانی بەردەم گەشەكردنی سیستەمی باج كرد بە تایبەتی لە بواری پڕۆژە گەورەكانی وەك وزە و تۆڕەكانی پەیوەندیی و پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون.
بڕیاردرا پڕۆژەكە بە سەرنج و تێبینی زیاتر، دەوڵەمەند بكرێت بە ئامانجی ڕێكخستنەوەی باج بە جۆرێك كە لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بێت و ببێتە سەرچاوەیەكی دیاری داهات. 

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group