بڵێسە جەبار فەرمان: پێویستە رێگە نەدرێت كاكەییەكان بە دەردی ئێزدیەكان بچن

14/06/2020

نەوا 
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی داوادەكات هێزی پێشمەرگە رەوانەی گوندە كاكەیی نشینەكان بكرێن و رێگری بكرێت لەوەی هاوشێوەی ئێزدیەكان كۆمەڵكوژ بكرێن.
بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی پەرلەمانی عیراق، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیشە، بە ئاماژەدان بە هێرشی سەر گوندە كاكەیی نشینەكان كە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەك هاوڵاتی مەدەنی كاكەیی نوسیویەتی، تاوانی جێنوسایدی كورد سەد بارە دەبێتەوە، ئەمجارە بەرانبەر بە كاكەییەكان. لە گوندی دارا و مێخاس و هەموو دێهاتەكانی ئەو ناوچە دابڕێنراوانە رۆژانە كوشتار و تراژیدیای تازە روو دەدات.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەشكردوەتەوە، كە لە بری نوسینی بەیاننامە، هەنگاوی كرداری پێویستە و لەو رووەوە رایگەیاندووە، گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە زۆر گرنگە.
بڵێسە جەبار فەرمان داواشی كردووە رێگە نەدرێت مێخاس ببێتە شەنگال و نەهێڵرێت كاكەییەكان بە دەردی ئێزدیەكان ببرێن و لەو رووەشەوە داوای هەڵوێستی لە حزبەكەی كردووە.
لەهێرشێكی چەكدارانی نەناسراو بۆ سەر گوندێكی كاكەیی نشین لە سنوری خانەقین 7 كەس شەهیدبوون و 5 كەسی تریش برینداربوون.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group