سەرۆكی هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات

15/06/2020

نەوا
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا هۆشداری لە پەرەسەندنی تیرۆر دەدات و داوای هەماهەنگی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم دەكات.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: "دوبارەبونەوە و فراوانبونی هێرشە تیرۆرستییەكان لە عیراق، بەتایبەتیش لە ناوچەكانی مادەی (140)ی دەستور دۆخێكی زۆر مەترسیدار و ئاڵۆزی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە هێناوەتە ئاراوە، وەك چەندین جار پێشتریش هۆشداریمان لە ترسناكیی دۆخەكە داوە، دووپاتی دەكەینەوە كە بەردەوامیی ئەم دۆخە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری و پێكەوەژیان دەكات".

دەقی راگەیەندراوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:
دووبارەبوونەوە و فراوانبوونی بەردەوامی هێرشە تیرۆرستییەكان لە عێراق، بەتایبەتیش لە ناوچەكانی مادەی (140)ی دەستور دۆخێكی زۆر مەترسیدار و ئاڵۆزی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە تەواوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان هێناوەتە ئاراوە كە ماوەیەكی درێژە هەڕەشەی كوشتن و رفاندن و دەركردنیان لەسەرە و ئەم دواییانەش بەردەوام بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان دەسووتێنرێن و ڕۆژانە دەكرێنە ئامانجی هێرشی دڕندانەی تیرۆرستی و شەهید دەكرێن.
وەك چەندین جار پێشتریش هۆشداریمان لە ترسناكیی دۆخەكە داوە، دووپاتی دەكەینەوە كە بەردەوامیی ئەم دۆخە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری و پێكەوەژیان دەكات و بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مەترسییەكان و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە، میكانیزمێكی كاراتری هەماهەنگیی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان و هاوكاریی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان و بەردەوامیی پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش پێویستە، چونكە تیرۆرستان بۆشاییی ئەمنیی ئەو ناوچانەیان قۆستووەتەوە، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش لەم پێناوەدا هەموو هەوڵ و تواناكانی دەخاتە گەڕ.
دوایین هێرشی تیرۆرستی بۆ سەر دوو دێی كاكەیی لە ناوچەی خانەقین كە لە ئەنجامدا ژمارەك هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، نموونەیەكی بەرچاوی پەرەسەندنی ترسناكی و ئاڵۆزیی دۆخەكەن كە دەبێ هەنگاوی خێرا بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان بگیرێتە بەر. وێڕای‌ بە توندی سەركۆنەكردنی ئەو تاوانكارییە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاریان دەكەم و هاوبەشی خەمیانم، خوای مەزن دڵنەوایی و سەبوورییان بداتەوە و هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
15/6/2020

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group