"حكومەتی داگیركەر هەیە 26 هەزار ئەكاونتی لە هەرێم هەیە بۆ توڕدانی كارت بۆ ناو خەڵك"

15/06/2020

نەوا
سەرۆكی ناوەندێكی توێژینەوە بە گومانەوە لە هەڵمەتە گەورەكانی هاشتاگی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەڕوانێت و مامۆستایەكی زانكۆش دەڵێت "ئەوانە خەڵكن و باسی گەندەڵی دەكەن".
مەشخەڵ كەوڵۆسی سەرۆكی ناوەندی چاوی كورد لەبەرنامەی "ئاراستە"ی رادیۆ نەوادا بەگومانەوە لە هەڵمەتە گەورەكانی هاشتاگی روانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا و دەڵێت "ئەم هەڵمەتانە جۆرێكن لە بەتاڵكردنەوە بۆیە تارادەیەك ئیجابیاتی هەیە، بەڵام كاتێك هاشتاگێك بەو گەورەییە دەخرێتە ناو خەڵك بێگومان دەستی هەواڵگرییەكی دیاریكراوە".
وتیشی "چ ئەو هەڵە زەقانەی دەسەڵاتی كوردی دەیانكات، چ ئەو رق و توڕەییەی حزبەكان بەدرێژایی مێژوو بەرانبەر یەك هەیانە بەدەرنین لە دید و تێڕوانین و خەیاڵدانی هێزی داگیركەری كوردستان".
لەوبارەیەشەوە مەشخەڵ كەوڵۆسی زانیارییەكی خستەڕو و وتی "حكومەتی داگیركەری كوردستان هەیە 26 هەزار ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و خەڵكی هەیە بۆ توڕدانی كارت بۆ ناو خەڵك".
بەڵام د.كاروان عەلی ئەكادیمی و نوسەر لەبەرنامەكەدا بە پێچەوانەوە رایوابوو "قسەكردن لەسەر گەندەڵی تایبەت نییە بە حزبێكی سیاسی" و وتی "ئەوە خەڵكە باسی گەندەڵی دەكات، خەڵك هەر باسی 400 ملیار دینارەكە ناكات، هاشتاگی ئەوەش هەیە كوا داهاتی 30 ساڵی حوكمڕانی؟".
بەمافی حزبەكانیشی زانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكاربهێنن و وتی "بونی بەهێزیشیان هەیە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە بە بەرپرسیارێتییەوە بەكاریدەهێنن یان بۆ ئاژاوە و شكاندنی ئەوانەی لە دژیانن؟".


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group