سۆران عومەر بۆ رێواز فایەق: سوپاس سەرۆك بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە نایاساییەكە

15/06/2020

نەوا
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەر ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی هەڵوەشاندەوە و ئەویش لە پای ئەو هەنگاوە سوپاسی دەكات.
سۆران عومەر لە سوپاسنامەكەیدا، كە درەنگانی شەوی دووشەممە لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە، دەڵێت "پاش ئەوەی بەنایاسایی كۆبونەوەی 7-5-2020 ئەنجامدرا بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر بەندە، پاشان بڕیاری ژمارە 4ی لێكەوتەوە، لە 19-5-2020  تانەیەكم ئاراستەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان كردو داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە نایاساییەم كرد، پشت بەستوو بەمادەكانی پەیڕەوی ناوخۆ، لەپێناو گێڕانەوەی شكۆ بۆ پەرلەمانی كوردستان و دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان تاكو ئەم بڕیارە نایاساییە نەبێتە پێشینەكی نایاسایی خراپ، كە مەترسی بوو بۆ كاری پەرلەمانی و پێشێلی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان و ئازادی بیروڕا".
لە روانگەی وەڵامدانەوەی تانەكەش، پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی سوپاسی سەرۆكی پەرلەمان دەكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 4ی هەڵگرتنی پارێزبەندی، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو كەسانەش دەكات، كە دژی بڕیارەكە بوون و پشتیوانی هەڵوەشاندنەوەی بوون تاكو ئەو كارە بە بەكارهێنانی زۆرینە نەبێتە پێشینەیەكی خراپ.
هەروەها پەیامێكیشی ئاراستەی پەرلەمانتارانی پارتی كردوە و دەڵێت "ئەوەی پێی وایە ئەم بڕیارەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان دەباتە ئەنجومەنی شورا، نایاساییە و لەدەسەڵاتی جێگری سەرۆكی پەرلەماندا نییە نوسراو ئاراستەی ئەنجومەنی شورا بكات، پشت بەستوو بە بڕگەی یەكەم لەمادەی دەیەم لە یاسای ژمارە 14ی ساڵی 2008ی ئەنجومەنی شورا، تەنها لەدەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانە داوای ڕاوبۆچون لە ئەنجومەنی شورا بكات. هەروەها هیچ بڕیارو كۆبونەوەیەكی پەرلەمانیش ناكەوێتە تایبەتمەندی دادگای كارگێڕی بۆ تانە لێدان".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group