نه‌وا
نوخشه ناسیح قائیمقامی قه‌زای هه‌ڵه‌بجه رایگه‌یاند، بۆ رێكخستنه‌وه‌ی رێكاره‌كانی ته‌ندروستی بیرله‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیی مه‌رزه‌كانی پارێزگاكه‌یان دابخه‌ن.
دوای زیادبون و هه‌ڵكشانی سه‌رله‌نوێی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) له پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك خۆپارێزیه‌ك و بۆ به‌رگرتن له بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری په‌تاكه، لیژنه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كۆرۆنا له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بڕیاری داخستنی سه‌یرانگاكانی ناوچه‌كه‌ی ده‌ركرد و رێنماییه‌كانی سه‌ر سنور و مه‌رزه نافه‌رمییه‌كانی ناوچه‌كه‌شی توندتر كرد.
له‌وباره‌یه‌وه نوخشه ناسیح قائیمقامی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كۆرۆنا له پارێزگاكه ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه بۆ به‌رگرتن له بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری په‌تاكه و رێگریكردن له ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسه‌كه له‌نێو خه‌ڵكدا، لیژنه‌كه‌یان كۆمه‌ڵێك بڕیاری نوێی ده‌ركردوه له‌وانه داخستنی سه‌یرانگاكانی سنوری پارێزگاكه بۆ بنبڕكردنی هاتوچۆی سه‌یرانكه‌ران بۆ ناوچه‌كه، هاوكات بڕیاردراوه سه‌رجه‌م ئه‌و دوكان و كاسبكارانه‌ی پابه‌ندنابن به رێنماییه ته‌ندروستییه‌كانه‌وه به‌تایبه‌ت له به‌كارهێنانی ده‌مامك و ده‌ستكێشدا، روبه‌ڕوی سزا و داخستنی شوێنی كاره‌كه‌یان ببنه‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا بڕیاریان داوه مه‌رجه‌كانی تێپه‌ڕین له مه‌رزه‌كانی سه‌ربه پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، له‌وانه شوشمێ و پشته توندتر بكه‌نه‌وه و له رێوشوێنێكی ته‌ندروستیی تونددا رێگا به ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بدرێت له‌و مه‌رزانه‌وه.
ناوبراو نه‌یشارده‌وه ئه‌وان له‌ئێستادا بۆ زیاتر پابه‌ندبون به رێنماییه ته‌ندروستییه‌كانه‌وه له هه‌وڵدان بڕیاربده‌ن بۆ داخستنی ئه‌و مه‌رزانه به‌شێوه‌یه‌كی كاتی.
هه‌روه‌ها قائیمقامی هه‌ڵه‌بجه ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی ئه‌و ئاڵوگۆڕه بازرگانییانه‌ی له پارێزگاكه‌دا له‌گه‌ڵ ئێران‌دا ده‌كرێت، هاوكات رێگه به هیچ جۆره هاموشۆیه‌ك نادرێت كه به قاچاخ ئه‌نجامده‌درێت و له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "له ماوه‌كانی رابردوودا دوای وه‌رگرتنی زانیاریی له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ژن و منداڵێك، كه له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یانه‌وه ده‌ركرابون له ئێران و به‌قاچاخ گه‌ڕابونه‌وه، له‌ئێستادا خراونه‌ته ژێر كه‌ره‌نتینه‌وه و رێگه به هیچ جۆره هاموشۆیه‌كی به‌قاچاخ ناده‌ین نه بۆ كاڵا نه بۆ گه‌شتیار و هاووڵاتییانی ناوچه‌كه".
نوخشه ناسیح سه‌باره‌ت به بڕیاردان له‌سه‌ر داخستنی سه‌یرانگه‌كان، كه ئایا كاریگه‌ریی نه‌رێنی ناكاته‌سه‌ر بژێویی هاووڵاتیان، رایگه‌یاند بیریان له گوزه‌رانی خه‌ڵك كردۆته‌وه به‌س له‌و بڕوایه‌دا نین كاریگه‌ریی ئه‌وتۆ بكاته‌سه‌ر بژێوی به هه‌فته‌یه‌ك، ئه‌م رێككاره بۆ پاراستنی خه‌ڵكه‌كه‌یان گیراوه‌ته‌به‌ر، تاكو به‌دووریان بگرن له ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ.