په‌رله‌مانتارێكی پێشوی هه‌ده‌په‌ بۆ نه‌وا: ئۆپه‌راسیۆنی توركیا بۆسه‌ر هه‌رێم به‌رده‌وام نابێت

16/06/2020

نه‌وا-لاڤه‌ كورده‌ 
په‌رله‌مانتارێكی پێشوی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) ده‌ڵێت "ئۆپه‌راسیۆنی توركیا بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام نابێت".
ئاده‌م گه‌ڤه‌ری په‌رله‌مانتاری پێشوی هه‌ده‌په‌ له‌لێدوانێكدا بۆ رادیۆ نه‌وا وتی "ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆسه‌ر هه‌ر خاكێك داگیركاریه‌، ئه‌وه‌ی توركیا بۆسه‌ر هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ده‌یكات داگیركاریه‌ و قبوڵناكرێت، توركیا ئه‌و پێشكه‌وتن و ده‌ستكه‌وته‌ی هه‌رێمی كوردستانی پێ قبوڵناكرێت، بۆیه‌ په‌ناده‌باته‌به‌ر هێرش و داگیركاریی".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی توركیا به‌رده‌وامیی ده‌بێت یاخود نا؟ ئاده‌م گه‌ڤه‌ری وتی "حكومه‌تی توركیا كه‌ پارتی دادو گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په‌)یه‌، ده‌یه‌وێت له‌ ناوخۆدا زیاتر پاڵپشتی بكرێت بۆیه‌ جار جار ئۆپه‌راسیۆنی وا ئه‌نجام ده‌دات و پێموایه‌ به‌رده‌وامیی نابێت".
شه‌وی دووشه‌ممه‌ توركیا ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیی دژی په‌كه‌كه‌ له‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكرد، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا چیاكانی قه‌ندیل و شنگال و ده‌ڤه‌ری برادۆست و كامپی مه‌خمور و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆردومان كرد. ئه‌مڕۆش هاوكات له‌گه‌ڵ تۆپخانه‌ی ئێران، چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كانی ماسی و حاجی ئۆمه‌رانیان بۆردومان كرد.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group