هەولێر...پۆستی ژمارەیەك قائیمقام گۆڕانكارییان تێدا كرا

16/06/2020

نەوا
پەیجی پارێزگای هەولێر لە فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە، لەچوارچێوەی گۆڕانكارییەكان رۆژی 16ی 6ی 2020 بە سەرپەرشتی هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر هەر یەك لە قائیمقامی قەزاكانی "شەقڵاوە، دەشتی هەولێر، خەبات" گۆڕانكارییان تێدا كرا.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویكردووەتەوە، لە ڕێو ڕەسمێكدا ئیبراهیم شێخەڵڵا قائیمقامی قەزای دەشتی هەولێر لە جێگەی جوان رەفیق قائیمقامی قەزای شەقڵاوە دەست بەكاربوو، جوان رەفیق وەك قائیمقامی قەزایی دەشتی هەولێر لە جێگەی ئیبراهیم شێخەڵڵا دیاریكراو دواتر كوێستا ئەحمەد قائیمقامی قەزایی رەواندوز وەك قایمقامی قەزای خەبات دەست بەكار بوو.
لەبارەی گۆڕانكارییەكە هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "ئەو گۆڕانكاری و جیگۆڕكێیەی دەستمان پێیكردووە، بۆ بەرژەوەندی گشتی و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانە بە ڕوحیەت و ئەزمونێكی نوێ، لەهەفتەی رابردووشدا هەمان پرۆسەمان لە ناحییەكان دەست پێكرد".
جێگری پارێزگاری هەولێر وتیشی: "ئەو جۆرە گۆڕانكاریانە لە قەزایەكەوە بۆ قەزایەك و لە ناحییەكەوە بۆ ناحیەیەكی دیكە، كارێكی ئیدارییە و مەبەست لێ گواستنەوەی ئەزمون و خزمەتكردنی زیاتر هاووڵاتییانە". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group