ئەبوبەكر هەڵەدنی: لە هیچ پاساوێكدا نابێت پارلەمان دابخرێت و بێ رۆڵ بكرێت

16/06/2020

نەوا
پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو لە نوسێنێكدا دەڵێت: "لە هیچ پاساوێكدا نابێت پارلەمان دابخرێت و بێ رۆڵ بكرێت، پەرلەمان و ئەزمونەكە مەكەنە موڵكی دوو حزبی دەسەڵاتدار، رەنجی سەد ساڵەی میلەتێكە". 
ئەبوبەكر هەڵەدنی  پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان لە پەیجی خۆی رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی هەموومان تێبینیمان لەسەر پێگەو رۆڵی پەرلەمان هەیە، دەزانین بەپلان و بەمەبەست پەرلەمان بەم رۆژە گەیشتوە، بەڵام پەرلەمان وەك خۆی وەك قەوارەی هەرێم مقەدەس و پیرۆزن بەرهەمی سەدەیەك قوربانی میلەتێكن، پەرلەمان و ئەزمونەكە مەكەنە موڵكی دوو حزبی دەسەڵاتدار، رەنجی سەد ساڵەی میلەتێكە، حزبەكان دێن و دەڕۆن، میللەتەكە هەر دەمێنیتەوەو بەرزی و نزمی بەحزبەكان دەكات.
ئەوەشی وتووە: "چارەسەری كێشەكان لەپەكخستن و راگرتن وداخستنی پەرلەماندا نیە (ئەوەی ئێستا هەیە داخستنی پەرلەمانە) دەیان رێگە هەیە بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان".
پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاندووە، پەرلەمان بەهەموو كەم وكوڕی وكێشەو گرفت و ئەو دۆخە خراپەی تیایەتی هەر دەبێت كاری خۆی بكات، سەرجەم هێزە سیاسیەكانی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی و فراكسیۆنەكان بەرپرسن لەئەم دۆخە نەخوازراوو چەقبەستوەی پەرلەمانی تێكەوتووە، پەرلەمانە زیندوەكانی دونیا شەڕە تەپڵەك وشەڕە بۆكسی تیادەكرێت، (هەدەپە) چەندین پەرلەمەنتاری لەزیندان دان كەچی بایكۆتی كاری پارلەمانی ناكات و دەسبەرداری پەرلەمان نابێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group