سەرۆكی ئینستتیوتی پەی: بۆ دەبێت سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لابردنی پارێزبەندیی سۆران عومەر بشارێتەوە؟

16/06/2020

نەوا
سەرۆكی ئینستتیوتی پەی گومانی هەیە، بۆچی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لابردنی پارێزبەندیی سۆران عومەر بە فەرمی بڵاوناكاتەوە، بەتایبەت كە دەنگۆ هەیە پێشتر هەماهەنگیی هەبووبێت لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی دانیشتنەكەی تایبەت بە لابردنی پارێزبەندییەكە.
د. سەروەر عەبدولرەحمان سەرۆكی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، كە بەردەوام چاودێریی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكات، لە میانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆ نەوا، قسەی لەسەر بڕیارەكەی رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كرد بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر، لەو بارەیەوە رایگەیاند، هەموو بڕیارێكی پەرلەمان پێویستە رێكاری فەرمیی خۆی بگرێتەبەر و لە وەقائیعی كوردستان و ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمان بڵاوبكرێتەوە.
د. سەروەر وتیشی، زانیاری هەیە سەرۆكی پەرلەمان بڕیارەكەی دەركردووە و خۆشی باسیكردووە، بەڵام لە هۆكاری ئەوە تێناگەن، كە بۆچی بە فەرمی بڵاوینەكردووەتەوە؟ بۆیە ئەوە پرسیار دروست دەكات.
سەرۆكی ئینستتیوتی پەی باسی لەوەشكرد، دەنگۆیەك هەیە سەرۆكی پەرلەمان جۆرێك لە هەماهەنگیی لەگەڵ جێگری سەرۆك و سكرتێری پەرلەماندا هەبووبێت لەبارەی دانیشتنی تایبەت بە هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە، بۆیە كاتێك سەرۆك پەرلەمان ئێستا بڕیارێكی لەو جۆرە دەردەكات، بۆ دەبێت بیشارێتەوە؟
وتیشی، بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان تەنها وێنەیەكی هەیە و لای خۆیەتی، تەنانەت وێنەیەكی بڕیارەكە نەدراوە بە خودی پەرلەمانتار سۆران عومەر، بۆیە ئەوە دەمانخاتە گومانەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group